حەوت هۆكاری ناسیاسی ترەمپیان گەیاندە كۆشكی سپی

:: AM:10:16:12/11/2016 ‌

دوور لە قووڵبوونەوە و شیكاری سیاسیی ورد و لێكدانەوە جۆراوجۆرەكان، زۆرێك لە سەرچاوەكان هۆی سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی 45ەمین سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێننەوە كە هیچ پێوەندییەكان بە سیاسەت نییە و خۆیشی كەسێكی شارەزا نییە لەوبوارە، كەوایە پرسیارەكە ئەوەیە، چۆن دەنگی پێ درا و هۆكارە ناسیاسییەكان هێندە گرنگ بوون بە بەراورد لەگەڵ شارەزایی سیاسی كاندیدەكان.

شارەزایان و چاودێران هێما بۆ ئەوە دەكەن، حەوت هۆكاری گرنگ هەن كە هیچ پێوەندییان بە سیاسەت نییە و بوونەتە هۆی سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردن كە بریتین لەمانەی خوارەوە.

یەكەم: ترەمپ بە جۆرێك قسەی دەكرد كە دەنگدەرانی ئەمەریكا لێی تێدەگەیشتن، كاتێك لە كەمپەینەكانی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ قسەی دەكرد، پشتیوانان و ئەمەریكییەكان بە تەواوی تێی دەگەیشتن، چونكە ئەو بە زمانێكی سادەی نێو خەڵك دەدوا، ئەم جۆرە زمانەش لەلایەن سیاسییەكان و میدیاكانەوە گاڵتەی پێ دەكرا، بە سەرشێت و گەمژە ناویان دەبرد، بەڵام ئەو بەو زمانە بازاڕییە وای كرد كە خەڵكی بە كەسێكی نێو خۆیانی بزانن، هاوكات بە تەواویش لێی تێ بگەن، بەپێچەوانەوە كلینتن بە زمانێكی وشكی سیاسی دەدوا و زۆرێك لە خەڵكی لە مەبەست و نیازەكانی تێ نەدەگەیشتن.

دووەم: راستەوخۆ لەگەڵ رۆژنامەوانان دەدوا، ترەمپ هیچ كێشەیەكی لە رەخنەی رۆژنامەوانان و دەزگە راگەیاندنەكان نەبوو، ئەو بەبێباكی بەسەریاندا زاڵ دەبوو، لە بەرنامە ڕاستەوخۆكانیش هەركاتێك رەخنەیان لێ بگرتانە، ئەو هێرشی دەكردنە سەر بە ئاشكرا و ڕاشكاوی، بۆیە زۆرێك لە دەزگە ڕاگەیاندنەكان حەزیان بە ترەمپ نەدەكرد و بەكەسێكی سەرشێت و هەڕەمەكی لە قەڵەمیان دەدا.



سێیەم: وەبەرهێنان لە تووڕەیی شەقام، ترەمپ بە ڕووی لە تووڕەیی شەقامی ئەمەریكا لە حوكمی ئۆباما گەیشتبوو، بۆیە ئەم دەرفەتەی بەباشترین شێوە قۆستەوە و بەجۆرێك هەوڵی دا كە لە هیچ هەڵبژاردنێكی پێشتر ئەم جۆرە قۆستنەوەیەی تووڕەیی شەقام نەتوانراوە بهێنرێتە دی.
ئەو بە جۆرێك خەڵكی تووڕەی هان دەدا، كە هەڕەشەی بەندكردنی هیلاری كلینتن و ڕەوانەكردنەوەی ئۆبامای بۆ زێدی خۆی دەكرد، ئەمەش بە تەواوی قسەی دڵی خەڵك بوو، بۆیە جۆرێك لە خەڵكی ئێستە بە "شەیتان" ناوی دەبەن، چونكە ئەو زیرەكانە ئەم لایەنەی بە وردی قۆستەوە.

چوارەم:بەهیچ شێوەیەك داوای لێبوردنی نەكرد و بۆ دواوە نەگەڕایەوە، هەر كاندیدێك پێشتر لە هەڵەكانی كە ئاشكرا دەبوون داوای لێبوردنی دەكرد، كاتێكیش هەڵبژاردن تەواو دەبوو، لەسەر ئەو هێرش و قسانەی كردوویەتی پەشیمانی دەردەبڕی و ئاماژەی بەوە دەدا كە ئەمانە هەڵمەتی هەڵبژاردن بوون و ڕاستییەكیان لە پشتەوە نییە، بەڵام ترەمپ بەهیچ شێوەیەك لە هیچ شتێك داوای لێبوردنی نەكرد و پەشیمان نەبووەوە و بۆ دواوە نەگەڕایەوە، ئەو تەنانەت كاتێك باسی دەستدرێژی سێكسییەكانی بۆ سەر ئافرەتان كرا، بە بێباكییەوە دەیگوت، هەر كەسێك سكاڵای هەیە با لە دادگە سكاڵا تۆمار بكات. ئەم جۆرە سەركێشی و بێ باكییەی بە تەواوی ئەمەریكییەكان خۆیان لە كەسایەتیدا بینییەوە، بۆیە گەیشتنە ئەو باوەرەی ئەوانەی ترەمپ دەیانڵێ حەقیقەتێكن، چونكە ئەو ڕاشكاو و سەركێشە، ناترسێ لە گوتنی هیچ شتێك.

پێنجەم: بەردەوام لە تێكستەی بۆی دەنووسرا لایدەدا، زۆرجار لە كەمپەینەكانی راوێژكار و ئەندامانی تیمەكەی بەردەوام دەترسان لەوەی ترەمپ ئەو تێكستەی بۆیان نووسیوە لێی دەربچێ و پەندێك بنێتەوە، بەڵام ئەوە بەیەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ترەمپ دادەنرێ، ئەو وازی لە قسەی وشكی راوێژكارەكان دەهێنا لەبارەی بەڵێن و بەرنامەكانی دوای هەڵبژاردن، بە زمانی كۆمیدی و بە شێوازی هونەریانەی خۆی هەم بزە و خەندەی دەخستە سەر لێوی دەنگدەران، هەمیش پەیامەكەی بەڕوونی پێ دەگەیاندن.



شەشەم: بە دەوڵەمەندییەكەی لە خۆبایی نەبوو، یەكێك لە كارەكانی ترەمپ قسەكردن بوو وەك خەڵكی هەژار و بەردەوامیش لەو ماوەیە وەك خەڵكی ئاسایی دەژیا، هێندە بە خۆشگوزەرانییەوە رۆژەكانی بەسەر نەدەبرد، بەپێچەوانەوە كاندیدەكەی تر كە هیلاری كلینتن بوو، بە كاندیدی موزیكژەن و هونەرمەند و سیاسی و بازرگانان كە زۆرینەیان تەواو دەوڵمەند بوون و پشتیوانی هیلارییان دەكرد، ئەمەش وای كرد، ململانێی نێوانیان ببێتە ململانێی كاندیدی دەوڵەمەندەكان و كاندیدی هەژارەكان، كە ترەمپ نوێنەرایەتی ئەوەی دووەمیانی دەكرد و زۆرینەی خەڵكی ئەمەریكاش كەمدەرامەتن، بۆیە زۆرینەیان دەنگیان بە ترەمپ دا.

حەوتەم: فۆلۆوەرانی لە تویتەر، ترەمپ لە تویتەكانی ئەكاونتی رەسمی خۆیشی هەڵەی دەكرد و بەهەمان زمانی بازاڕی خۆی دەینووسی، ئەمەش خەڵكی تەواو شۆك كردبوو، كە ئەو خۆی تویتەكانی بڵاو دەكاتەوە و دەیان كارمەندی دانەناوە تا سەرپەرشتی تویتەرەكەی بكەن و تویتی بۆ بكەن، ئەمەش لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە بە جۆرێك لە كراوەیی دەرگە بە ڕوویی هاووڵاتییان و نزیكبوونەوەی سەرۆك لە خەڵك لێك درایەوە، چونكە ئەوان لە تویتەرەوە بە ملیۆنان نامەیان ئاراستە كرد، بەڵام ئەمەش فێڵێكی تر بوو، ترەمپ توانی بەوهۆیەوە كلیلەكانی كۆشكی سپی بباتەوە و ببێتە 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

دۆناڵد جۆن ترامپ لە 14 حوزەیران/یۆنیۆی 1946 لەدایكبووە و بە بنەچە خەڵكی ئەڵمانیایە و بۆ هەڵبژاردنی 45ەمین سەرۆكی ئەمەریكا وەك كاندیدی حزبی كۆمارییەكان توانی بەسەر كاندیدی دیموكراتەكان هیلاری كلینتن سەربكەوێت.
ترەمپ سەرمایەدارێكی بەناوبانگی ئەمەریكا خاوەنی سەدان هۆتێل و گازینۆ و قومارخانەیە لە شارەكانی ئەمەریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەوروپادا، بەگوێرەی گۆڤاری فۆڕێبس سەرمایەی ترەمپ 4.6 ملیار دۆلار دەبێت.

سه‌رچاوه‌/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د