لاکان بۆ کەسانێک بیرمەند و بۆ کەسانێک دەجال

:: PM:11:52:12/11/2017 ‌
بەشی دووەم و کۆتایی

ئەوەی لەخۆیدا نەبێت نادیارە، یەكێك لە فۆرمۆلەكانی لاكان لە بارەی "پرسی واقعی" ئەوەیە، كە ئەم پرسە هەمیشە لە "جێگەی خۆیدایە"، بۆیە لە جێگەی خۆیدایە، چونكە تەنیا ئەوەی لەخۆیدا نەبێت نادیارە یان نائامادەیە، دەشتوانێ خۆی بكاتە پرسی هێمایی و هەر لەبەر ئەوەشە، كە دەبێتە پرسی وێنایی. پرسی هێمایی جێنیشینی ئەو شتەیە، كە لە جێگەی خۆیدا نییە. رەمز، واژە و زاراوە و هاوتاكانی هەمیشە لە نەبوونی بكەردا پەیدا دەبن یان ئاماژەیان بۆ دەكرێت. لاكان ئەم ئاڕاستەیە بە پرس واقعی شارەزا بۆ شیكردنەوەی چیڕۆكی "نامەی دزراو"ی (ئەدگار ئالان پۆ) بەكاردەهێنێت. 

بەڵام لە ئاستی پێكهاتەی بكەری تاكدا وەك بكەرێكی ڕەگەزی، ئەو شتەی كە لە جێگەی خۆیدا نییە نێرەی دایكە. چیرۆكەكە بەوشێوەیە دەبێت كە پێگەیشتنی كۆرپە بەرەو قۆناغی زمان هاوكاتە لە جودایی ئەو لەگەڵ دایكی. پێش ئەم جیابوونەوەیە، ئاوێتەبوون و پڕبوون هەیە، كە بریتییە لە یەكێتی دایك و منداڵ. دوای جودایی، دایك دەبێتە بەركاری منداڵ، واتە دەبێتە یەكەمین ئەزموونی لە غیاب. لەلایەكی ترەوە، منداڵ بۆ دایك جێنیشینی نێرەی لە دەست چووە. دایك لە تروسكایی پێوەندی نزیكی خۆی لەگەڵ منداڵ، هەست بە پڕبوون و كەمال دەكات. بەڵام، بەبێ جیابوونەوە زمان پەیدا نابێت. 

"پرسی هێمایی" یان رەمزی "نمادین" لە گشتیترین مانادا، ئەو شتەیەكە مانا و یاسا – تەنانەت سیستەم و دەسەڵاتیش - دەبەخشێ. لاكان لەدەیەی 1950دا، كە باسی یاسا دەكات، باسی ئەو شتە دەكات، كە بەناوی باوک بەرجەستە دەبێت. بەم شێوەیە سیستەمی هێمایی لە ناوی باوكدا بەرجەستە دەبێت و كۆمەڵگاش دروست دەكات، وەك ئاماژەیەك باوك و دەسەڵات لەیەك جێگەدان. یان دەتوانین بڵێین بە پێڕەوی لە داستانی فرۆید لە كتێبی (تەوتەم و تابۆ)دا لە رێزی باوكی مردوودا مناڵەكان هەقی خۆیان لە خاوەندارێتی ژناندا بەدەست دەهێنن. بەبڕوای (لوی ستراوس) كە بەرهەمەكانی لەسەردەمی خۆیدا شایانی باس و گرنگی بوون لەلای لاكان، لە هەمان جێگەدایە، كە یاسا لە دژی زینا لەگەڵ مەحرەمدا (واتە سێكس لەگەڵ كەسانی نەشیاو) بەدی دێت.

شتەكان وەك ژن نابینێ، بەبڕوای هەندێك لە نووسەرانی فیمینیست پەیامی زاڵی مرۆڤناسی فرۆیدی لاكان، سیستەمێكی باوكسالارە، كە تەنیا نرخ دەدات بە ڕەگەزی پیاو، یان زیاتر بەها بۆ پیاو دادەنێت. بێگومان لە دیدی زۆرێك لە ژنان، لاكان لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا شتەكان وەک ژن نابینێ یان ژن ناكەتە گشت. مەبەست لە گوتەی یەكەم، نیشاندانی ئەو خەڵەیە كەلەلای لاكان هیچ چوارچێوەیەك پەیدا نابێت خۆی ژنانەی تیابێت، یان ژنێتی هیچ خودێكی نییە. هەربۆیەش ڕەگەزێتی (Sexuality) هەمیشە یاری سەرپۆش و پۆشاكە گۆڕاوەكانە. سەرەنجام گوتنی ئەوەی ژن بوونی نییە بەو مانایە دەبێت، كە جیاوازی ڕەگەزی ناتوانێ لە هیچ شێوەیەكی هێما یان بەهادا خۆی بگونجێنێ، یان ناتوانێت سەرلەنوێ خۆی بنوێنێ. 

گوتەی دووەم لەبارەی ئەو هەڵوێستەیە، كە ژن ئەندامی سێكسی پیاوانەی نییە، هەربۆیەش نابێتە بەشێك لە پرسی (هێما - بەها) یان دەبێتە بەشێكی لاوەكی لە پیاو. ئەندامی زاوزێی پیاوانە ئەو نێرەیە، كە خودی (دال)ی دەسەڵاتدارە پێش ئەوەی یەكسەر بڵێین، كە ئەم وێنایە لە ژن وێنەیەكی نەرێنییە (وێنایەك لە هەموو شێوەكانیدا لەبەرژەوەندیی پیاودایە)، دەبێت بڵێین (پیاو)یش زیاتر لە ژنان نایەوێت، ژن وەك بونەوەرێكی خەساو بناسێ. لەراستیدا دەبێت بەرەنگاری لەبەرامبەر (واقعیەت) ئەفسانەی خەساندن لەبەرنامەدا بێت، كە هەمیشە لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا دەردەكەوێت. ئەم بەرەنگاریە نەك تەنیا لەزاراوە و وێنەكاندایە، بەڵكو دەبێت لەو هەوڵانەدا بێت، كە دەسەڵاتداركردنی ئەم مانای نەهێشتنە، كە لە ئەنجامی خەساندندا دێتە دی. 

دەروونناسی لەسەر بنەمای ماتماتیك ڕەهەندێكی تری تیۆری لاكان، كە بەتایبەتی لە سیمینارەكانی كۆتایی ژیانیدا، هەوڵی ئەوە بۆ پایەداركردنی دەروونناسی لەسەر بنەمای ماتماتیك. بەوشێوەیەی كە ئەگەر (دال)ێك تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ (دال)ەكانی تردا مانای هەبێ، كە بتوانین بە (x) ئاماژەی بۆ بكەین. واتە لەلای لاكان (دال)ێك لەبەرئەوەی كە تەنیا وێنەیی بێت، دەتوانرێت لە زمانی ماتماتیكدا بێت. لاكان، تەنیا لەدوای خوێندنەوەی بەرهەمەكانی (جاك - ئالان میلەر) گوتی: نەستیش تەنیا (دال)ێكی لەم جۆرەیە، بۆیەش دەتوانێ هەر مانایەكی هەبێت. واتە مانای ئەو یەكسەر پێوەستە بەو زەمینەوە، كە تێیدا پەیدا دەبێت. لە دەیەی 1960 و سەرەتاكانی دەیەی 1970، بڕواكانی لاكان لەژێر كاریگەری زانای ماتماتیكی وەك (فرگە، گودل و كانتور) دابوو. ئەو لەم سەردەمەدا زیاتر لە جاران لە ڕەوشی گوتاربێژی دەرسەكانی خۆی، كە لە دەیەی 1950دا سەرگەرمی بوو، دووركەوتەوە. دواجار جاک لاکان  لە نۆی سێبتێمبەری ساڵی ١٩٨١دا، کۆچی دوایی کردووە.





وشە - ژیڤان خۆرانی