ریال مەدرید رەتی دەكاتەوە گاریس بێڵ بفرۆشێ

:: AM:09:48:13/11/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رەتی كردەوە دەستبەرداری ئەستێرە ویڵزییەكەی گاریس بێڵ بێت كە ماوەیەكە لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەكان ئەم دەنگۆیە بڵاو دەكرێتەوە.

رۆژنامەی (دەیلی میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردبووەوە كە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بێزاربووە لە پێكانە زۆرەكانی بێڵ كە لەوەتەی لە هاوینی 2013 هاتووەتە یانەكەوە 24 جار تووشی پێكان بووە.

دوایین پێكانی بێڵ رۆژی هەینی رابردوو بووە لە كاتی مەشق و راهێنانەكاندا كە بەهۆی پێكانی ماسوولكەكانی رانییەوە بەلایەنی كەم ماوەی مانگێك لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدابوو كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ئیتر ئارامی لە بێڵ نەماوە و بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو بیخاتە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانانەوە و نرخەكەشی بە 85 ملیۆن پاوەن دیاری كردووە، كڕیاری سەرەكی ئەم ئەستێرەیەش یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییە.

لەبەرامبەردا رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە كە یانەكە هەرچەندە پێیوایە بێڵ پێكانی زۆری تووش بووە، بەڵام بڕوای تەواویان پێی هەیە و بەهیچ شێوەیەكیش ئامادەنین دەستبەرداری بن.

رۆژنامە ئیسپانییەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە هەرچەندە بەشێكی زۆری هەواداران پێیانوایە ئێستا باشترین كاتە بۆ دەستبەرداربوون لە بێڵ، بەڵام سەرۆكایەتی یانەكە گوێ لەو ناڕەزاییانە ناگرێ و بەهیچ شێوەیەكیش ئامادە نییە بیفرۆشێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م