ساڵانی فه‌رحانی یه‌كێك له كاره باشه‌كان نووسینگه‌ی حه‌واڵه بوو، به‌رده‌وام ژماره‌یان له زیادبووندا بوو، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش و ئه‌و بارگرژییه‌ی ماوه‌ی ڕابردوو له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كاری نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌ی خه‌واندووه. ئه‌وه‌ش ده‌ری ده‌خات كێرفی بازرگانی له كوردستان گه‌لێك دابه‌زیوه و هێشتا ڕووه و لێژییه.
بۆ ئاگاداربوون له ئاست و دۆخی ئابووری وڵات، به‌دواداچوونی ورد له هه‌موو سێكته‌ره‌كان پێویسته تا ده‌ره‌نجامی دروست به‌ده‌ست بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له كوردستان ڕێی تر هه‌ن تا به ئاسانی به لووتكه‌ی سه‌روه‌ت بگه‌یه‌نن و وه‌چنگ خستنیان ئاڵۆز و هێنده قورس نییه. یه‌كێك له نزیكترین ڕێیه‌كان تا له دۆخ و ئاستی ئابووریی كوردستان بگه‌یت، نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌ی دراون.
كوردستان سه‌رباری ئه‌وه‌ی له كه‌رتی كشتوكاڵ تا ئاستێك به‌رهه‌می خۆماڵی و له سێكته‌ری پیشه‌سازی هه‌ندێك كارگه و به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌ن، به‌ڵام سه‌ردانێكی بازاڕه‌كانی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ڕوون بێته‌وه كه كوردستان بازاڕێكی باشی ساغكه‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی وڵاتانه و زۆربه‌ی ماده خاوه‌كانی ئه‌و كارگانه‌ش هاورده‌ن و له كوردستان ته‌نیا له چوارچێوه ده‌درێن.
كوردستان كه له هاوكێشه و لێكه‌وته‌كاندا له‌بری به‌رهه‌مهێن به‌كاربه‌ره، تێیدا بازرگانان ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كین و ڕۆڵی یه‌كه‌م ده‌گێڕن. كوردستان كه به‌هه‌شتی بازرگانانه و هه‌ر جۆره كاڵایه‌ك به‌هه‌ر شێوه و كوالیتییه‌ك بیانه‌وێ له ده‌ره‌وه هاورده‌ی ده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ردا دراو له كوردستان ڕه‌وانه ده‌كه‌ن. ڕه‌وانه‌كردنی دراویش له ڕێی نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌وه ده‌كرێن.
كه‌واته ده‌رده‌كه‌وێت باشبوونی بازاڕی نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌ی دراو، ئاماژه‌یه به جووڵه‌ی باشی بازرگانی و دۆخی له‌باری گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، كه ئێسته دۆخی نووسینگه‌كانی حه‌واڵه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌ڵێن.
به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش و بارگرژیی ئه‌و دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نووسینگه‌كانی حه‌واڵه به‌رنه‌ده‌كه‌وتن. جیا له كه‌سانی تاراوگه‌نشین كه پاره‌یان ناردووه‌ته‌وه، ڕۆژانه و به‌رده‌وام بازرگانان دراویان بۆ وڵاتانی به‌رهه‌مهێن ڕه‌وانه كردووه. به گوته‌ی خاوه‌ن نووسینگه‌كانی حه‌واڵه له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه تا ساڵی ٢٠١٣، كاتی زێڕینی كاره‌كه‌ی ئه‌وان بووه. ئێسته كاره‌كه‌یان به سه‌رده‌می ته‌نه‌كه ده‌چوێنن.
نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌ی دراو كه‌م نین و له هه‌موو شار و شارۆكه‌كانی كوردستان بڵاو بوونه‌ته‌وه. له هه‌ولێری پایته‌ختیش هاوشێوه و زۆریان له ده‌وری بۆرسه‌ی دراو له شێخه‌ڵا كۆ بوونه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا نووسینگه‌ی حه‌واڵه‌ی دراوی هه‌یه و باس له ڕۆژانی فه‌رحانی ده‌كات، ئه‌وكات به‌رده‌وام ڕۆژانه هه‌نارده‌یان هه‌بووه و سه‌رقاڵ بوون، كه ئێسته نه‌ك ڕۆژانه، به‌ڵكو مانگانه هه‌نارده‌ی دراویان له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕێت. ئه‌و ده‌ڵێ "هه‌نارده‌ی دراو یه‌كجار كه‌م بووه‌ته‌وه و كه‌س لێی ناپرسێت". به‌بڕوای محه‌مه‌د عه‌بدوڵا كاره‌كه‌یان به به‌راوردی جاران ٥٥% كه‌می كردووه.
ڕێژه‌ی دابه‌زینی كار له نووسینگه‌یه‌كه‌وه بۆ نووسینگه‌یه‌كی تر جیاوازه، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی محه‌مه‌د لای نووسینگه‌كه‌ی نه‌به‌ز فازڵ بۆ ٧٠% داده‌به‌زێت. نه‌به‌ز كه هه‌نارده‌ی دراوی بۆ وڵاتانی دراوسێ و زۆربه‌ی وڵاتانی ئاسیا و ئه‌وروپا هه‌یه، ده‌ڵێ "ئێسته به به‌راوردی ساڵان كاری هه‌نارده‌كردنی دراو هه‌ر نه‌ماوه و یه‌كجار كه‌مه". هه‌نارده‌كردنی دراو له نووسینگه‌كه‌ی نه‌به‌ز ٧٠% به به‌راوردی جاران دابه‌زیوه.
ئه‌وه گوته‌ی زۆربه‌ی زۆری نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌ی هه‌ولێرن كه به "وشه"یان گوتووه و له دۆخی ناله‌باری كاره‌كه‌یان داد و بێدادیانه.
حاجی حه‌مید له بری نووسینگه‌یه‌ك دووانی به ناوه‌كانی ته‌بادول و ته‌یف هه‌یه. ئاماژه بۆ حه‌واڵه‌كانی ئێسته ده‌كات كه زۆربه‌یان بۆ ناوخۆی عێراقه و ئه‌ویش ده‌ڵێ، "به‌گشتی كاریان زۆر خراپه و ئێسته زۆربه‌ی هه‌نارده‌كانی دراو ته‌نیا خه‌رجی كه‌سییه". ئه‌وان كه جیا له توركیا و ئه‌وروپا، حه‌واڵه‌ی دوبه‌ی و عه‌مانیان زۆر بووه بۆ بازرگانی ئۆتۆمبێل. حاجی گوتی، "ئێسته كه‌س نایه‌ت و به‌چه‌ند ڕۆژ جارێك هه‌نارده‌یه‌كی دراو هه‌یه".
هه‌ر له‌و بازاڕه غازی سه‌عدی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی بازاڕی دۆلار ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، ڕۆژانه حه‌واڵه هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك پێشتر نییه، كه زۆرترین ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی دراو بۆ توركیایه و دوای ئه‌ویش ئێرانه و له دوای ئه‌وانه‌ش وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپایه. هه‌ڵبه‌ت كه‌می خواستی هه‌نارده‌ی دراو گۆڕان به‌سه‌ر نرخی حه‌واڵه‌كردن ده‌هێنێت و غازی ئاماژه به‌وه ده‌دا، "ئێسته نرخی هه‌نارده‌ی دراو بۆ توركیا له هه‌ر 100 هه‌زار دۆلارێك له ١٠ دۆلاره‌وه بۆ ٢٠ دۆلاره، كه پێشتر ٥٠ دۆلار بووه".
دابه‌زینی هه‌نارده‌كردنی دراو له نووسینگه‌كانی حه‌واڵه، ده‌ری ده‌خات كه به ئه‌ندازه‌ی دابه‌زینی هه‌نارده‌كردنی دراو بۆ وڵاتانی به‌رهه‌مهێن، جموجۆڵی بازرگانی له كوردستان پاشه‌كشه‌ی كردووه و به‌پێی هه‌واڵه توند و گرژه سیاسییه‌كانیش بێت، ئاسۆیه‌كی ڕوون جارێ بۆ بازرگانیكردن له كوردستان نییه و پێ ناچێ به‌و نزیكانه‌ش سه‌رده‌می زێڕینی نووسینگه‌كانی هه‌نارده‌ی دراو بگه‌ڕێته‌وه.
وشه/ چواس خالید