ئێسته هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" كه باڵی سه‌ربازیی په‌یه‌ده‌یه، له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" ده‌سته‌ڵاتدارن له شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام شاره‌كه ده‌وره دراوه له هه‌موو رووێكه‌وه. "وشه" یه‌كه‌م ده‌زگه‌ی میدیایی كوردییه كه له سه‌رچاوه‌كانی عه‌فرینه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌خاته ڕوو كه بۆچی عه‌فرین گه‌مارۆ دراوه له‌لایه‌ن توركیا و هێزه‌كانی تری گۆڕه‌پانی سووریاوه و هه‌موو هێزه‌كان چاویان له‌سه‌ریه‌تی.
حه‌سه‌ن كله خێری شاره‌زایی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان كه خۆی خه‌ڵكی عه‌فرینه، به''وشه''ی راگه‌یاند، "ئێسته له باكور و رۆژئاوای عه‌فرین هێزه‌كانی توركیا خۆیان جێگیر كردووه، له رۆژهه‌ڵاتیشیه‌وه كه‌تیبه‌كانی درعی فورات و له باشووره‌وه هێزه‌كانی ئه‌حڕاڕ شام كه خۆی له خۆیدا ئه‌وان به‌ره‌ی نوسره‌ن كه له لیستی تیرۆردان، به‌ڵام به ناوێكی تر هاتوون، ئه‌و هه‌موو هێز و وڵاته ده‌وره‌ی عه‌فرینیان ته‌نیوه و چاویان تێبڕیوه داگیری بكه‌ن".
حه‌سه‌ن كله خێری ئه‌وه‌یشی گوت كه ئه‌و هێزانه ده‌یانه‌وێ شاری عه‌فرین به هه‌مان شێوه‌ی وێرانكاری كۆبانێ ببه‌ن و ژێرخانی تێك بده‌ن و شتێك نه‌بێت به‌ناوی كورد.
به‌گوته‌ی ئه‌و، "توركیا ئامانجی ئه‌وه‌یه عه‌فرین بكه‌وێته ژێرده‌ستی و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له ده‌ستی هێزی كوردیدا نه‌بێت، چونكه ئه‌م شاره له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان و توركیایه، ئه‌نكه‌ره وا بیر ده‌كاته‌وه به‌هێزبوونی پێگه‌ی كورد، هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئاسایشی توركیا".
"ئامانجێكی تریان ئه‌وه‌یه نایانه‌وێ رۆژئاوای كوردستان هه‌بێت، بۆیه ده‌ستیان به‌سه‌ر جه‌رابلوس و ئه‌دلب گرتووه و رۆژئاوایان كردووه به دوو كه‌رته‌وه، ئێسته ده‌رده‌كه‌وێ كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك فیدراڵی سووریا قبووڵ ناكه‌ن، هه‌روه‌ها توركیا له رووی ئابووریشه‌وه بیری لێ كردووه‌ته‌وه و ده‌ترسێت كورد بگات به ده‌ریا سپی و پێگه‌ی ئابووری به‌هێز بێت و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئابووریی توركیا دروست بكات، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات ئامانجه‌كانی كورد پووچه‌ڵ بكاته‌وه". كله وای گوت.
ئه‌وه‌یشی خسته روو، هێزه‌كانی توركیا رۆژانه له هه‌موو لایه‌كه‌وه ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری عه‌فرین مووشه‌كباران ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا بگرن. سووریایش پێ ده‌چێ له مافی كورد پاشگه‌ز بێته‌وه و هه‌ست به‌هێزیی خۆی بكات، بۆیه به‌شار ئه‌سه‌د بوونی هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك بۆ ناوچه كوردییه‌كانی سووریا ره‌ت ده‌كاته‌وه.
حه‌سه‌ن كله خێری ئه‌وه ناشارێته‌وه كه "سه‌ره‌ڕای ئه‌و گه‌مارۆ و لێدوانه شۆڤێنییانه‌ی سووریا، كه‌چی جێی داخه په‌یه‌ده ده‌ستی له ده‌ستی رژێمدایه هێشتا و رۆژانه سه‌ركرده باڵاكانی به‌عس سه‌ردانی عه‌فرین ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ده‌بێت كورد له رۆژئاوا ریزه‌كانی پته‌و بكات و پرسه نه‌ته‌وه‌یی و ره‌واكه‌ی بخاته به‌رنامه‌ی كار و هه‌موو گفتوگۆیه‌كی سیاسی و شاره‌كانی بپارێزێ به راكێشانی سۆزی نێوده‌وڵه‌تی".
"چاوتێبڕینی عه‌ره‌ب و توركیش بۆ حه‌له‌ب، هه‌رچه‌نده ئامانجه‌كانیان جیاواز بێت، به‌ڵام هه‌ردوولا كۆكن له‌سه‌ر كۆتاهێنان به خه‌ونی كورد و ئه‌مه جێی هه‌ڵوه‌سته‌یه". كله خێری گوت.
عه‌فرین سه‌ربه پارێزگایی حه‌له‌به /ده‌كه‌وێته باكوری رۆژئاوای سووریا و له نزیك سنووری توركیایه و ناوچه‌یه‌كی چیایی و گه‌شتیارییه.
وشه/ دهۆك- كاروان باعه‌درێ