شوێنی تەنیا چوار هەڵبژاردە لە مۆندیالی 2018ی رووسیا ماوە

:: AM:10:20:13/11/2017 ‌

تادێت ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەرەو تەواوبوون دەچێت دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەم هەردوو هەڵبژاردەی كڕواتیا و سویسڕا بەفەرمی خۆیان گەیاندە یارییەكانی كۆتای پاڵەوانیەتییەكە.

شەوی رابردوو هەردوو هەڵبژاردەی كڕواتیا و سویسڕا دوای سەركەوتنیان بەسەر هەڵبژاردەكانی یۆنان و ئیرلەندای باكور، بەفەرمی خۆیان گەیاندە مۆندیال و ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكانیان بەفەرمی كردە 28 هەڵبژاردە لە كۆی 32 هەڵبژاردەدا.

ئێستا ناوی تەنیا 4 هەڵبژاردە ماوە بۆ ئەوەی ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكانی مۆندیال تەواو بكەن كە بڕیارە هاوینی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی رووسیا بێتە ئەنجامدان.

ئەم چوار هەڵبژاردەیە كە ماوەن لە یارییەكانی ئەم هەفتەیەدا یەكلایی دەبنەوە، یارییەكانیش برێتین لە:-

ئەمڕۆ دووشەم هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و سوێد یاریی گەڕانەوەی پاشكۆكانی پارزەوینی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیال لە یاریگەی سان سیرۆ لە شاری میلانی ئیتاڵیا ئەنجام دەدەن.

لە یاریی چووندا هەفتەی رابردوو هەڵبژاردەی سوێد بە گۆڵێكی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە.

سبەی سێشەمیش ناوی هەڵبژاردەیەكی تری بەشدار لە مۆندیال لە یارییەكەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی دانیماڕك و ئیرلەندا ئاشكرا دەبێت، هەردوو هەڵبژاردەكە لە یاریی چووندا بەبێ گۆڵ یەكسان ببوون.

لە یارییەكی تریشدا پاشكۆكانی مۆندیالدا رۆژی چوارەشەمی داهاتوو هەڵبژاردەیەكی پارزەوینی ئاسیا كە ئوستڕالیایە بەرامبەر هەڵبژاردەیەكی پارزەوینی كۆنكاكاف كە هەڵبژاردەی هیندۆڕاسە یاریی دەكات، پێشتریش هەردوو هەڵبژاردەكە لە یاریی چووندا بەبێ گۆڵ یەكسان ببوون.

پێنجشەمی داهاتووش دوایین یاریی بۆ گەیشتن بە مۆندیال لەنێوان هەڵبژاردەی پیرۆی پارزەوینی ئەمەریكای باشوور و نیوزلەندای پارزەوینی ئۆقیانووسیا بەڕێوە دەچێت، بەهەمان ئەنجامی یاریی پێشتر هەردوو هەڵبژاردەكە لە یاری چووندا بەبێ گۆڵ یەكسان ببوون.
بەفەرمی ئەو 28 هەڵبژاردەی كە تا ئێستا گەیشتوونەتە مۆندیالی 2018ی رووسیا برێتین لە: رووسیا، بەڕازیل، ئێران، ژاپۆن، مەكسیك، بەلجیكا، كۆریای باشوور، سعوودییە، ئەڵمانیا، ئینگلتەڕا، ئیسپانیا، نێجیریا، كۆستاریكا، پۆڵەندا، میسڕ، ئایسلەندا، سڕبیا، پورتوگال، فڕەنسا، ئۆرگوای، ئەرجەنتین، كۆڵۆمبیا، پەنەما، سەنیگال، مەغریب، توونس، سویسڕا و كڕواتیا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م