بەنزیما: رۆناڵدۆ لەمن خۆپەرستترە

:: PM:12:25:13/11/2017 ‌

كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی هاوتیپی لەو خۆپەرستترە.

بەنزیما لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (ماركا)ی ئیسپانی رایگەیاند: لە راستیدا رۆناڵدۆ لەمن خۆپەرستترە و هەمیشە حەز دەكات تۆپ لای ئەو بێت، بەڵام ئەمە شتێكی ئاساییە و هەرگیز بەهۆیەوە توڕە نابم، چونكە لە كۆتاییدا خزمەت بە یانەی شاهانە دەگەیەنین.

بەنزیما لە یارییەكانی ئەم دواییەدا بەهۆی دابەزینی ئاستییەوە رووبەڕووی رەخنەیەكی توندی هاندەران بووەتەوە و لە دوایین یاریی یانەی ریال مەدریدیشدا بەرامبەر یانەی لاس پاڵماس لە خولی ئیسپانیا هاندەران فیكەی ناڕەزاییان بۆ لێدابوو.

لەمبارەیەوە بەنزیما گوتی: لە راستیدا تۆپی پێ لە ئیسپانیا جیاوازی لەگەڵ هەموو شوێنێكدا هەیە، هاندەرانی یانەی ریال مەدریدیش هەمیشە داوای باشترین دەكەن، بۆیە بەبەردەوام فیكەی ناڕەزایی بۆ یاریزانان لێ دەدەن.

جەختیشی كردەوە كە ناڕەزاییەكانی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید شتێكی ئاساییە و ئامانج لێی پێشكەشكردنی باشترین ئاستی تیپەكەیانە.

لە كۆتاییدا بەنزیما ئاماژەی بەوەدا كە پشتگیرییە بەردەوامەكانی هاونیشتمانەكەی زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید وا دەكات زیاتر بڕوای بەخۆی بێت و لە یاریكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەردەوام بێت.

جێی باسە بەنزیما لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا بەهۆی پێكانەوە لە بەشێكی زۆری یارییەكانی یانەی ریال مەدرید دابڕاوە و تاڕادەیەكی زۆریش كاری كردووەتە سەر دابەزینی ئاستی بەشێوەیەك كە لەم وەرزەدا تەنیا یەك گۆڵی لەگەڵ یانەی شاهانەدا تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م