تیپی هونەری كانی بوت بارزان كلیپێكی بڵاو كردەوە

:: PM:03:59:13/11/2017 ‌
تیپی هونەری كانی بوت لە دەڤەری بارزان لە نوێترین كاری هونەری خۆیدا كلیپێكی نوێی بە ناوی (بارزان) بڵاو كردەوە، ناوەڕۆكی كلیپەكەیش باس لە پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە كوردستان و دەڤەری بارزان دەكات.

ئەمرۆ 13 تشرینی دووەم 2017، شلێر بارزانی ئەندامی تیپی هونەری كانی بوت لە دەڤەری بارزان بە "وشە"ی راگەیاند، تیپی هونەری كانی بوت لە نوێترین كاری هونەری خۆیدا ئەمرۆ كلیپێكی نوێی بە ناوی "بارزان" بڵاو كردەوە، ناوەڕۆكی كلیپەكەیش باس لە كولتووری دێرینی پێكەوەژیانی نێوان ئاین و ئاینزا و نەتەوە جیاجیاكانی كوردستان لەگەڵ یەكتر دەكات.

هەروەها گوتی، كلیپەكە لەلایەن هونەرمەندان "كوڤان شێروانی، فەیزوڵا كانی بوتی، یوبیرد هورمز، جابر سەعید" بە هەردوو زمانی كوردی و سریانی گوتراوە، ئاوازەكەیشی لەلایەن هونەرمەند زانا جەبەلی دانراوە و پەیڤەكانیش لەلایەن هونەرمەندی ناسراوی كوردستان و پارێزگای دهۆك ئەدیب چەلكی نووسراوە، هەروەها هەریەك لە هونەرمەندان ڕێبەر بارزانی و یوسف شوكری كاری دەرهێنان و وێنەگرتنی كلیپەكەیان كردووە و ستایلێكی نوێ و سەرنجڕاكێش لە كاری وێنەگرتنی كلیپەكە لە ناو سروشتی دەڤەری بارزان تۆمار كراوە.

بارزان/ نەوزاد هلۆری.















وشە - باز ئه‌حمه‌د