نزیكەی 33 هەزار و 300 كەس لە رێی ئەوروپا مردوون

:: PM:04:56:13/11/2017 ‌

لە 24 ساڵی رابردوودا 33 هەزار و 293 كۆچبەر كە ویستوویانە بەرەو ئەوروپا بڕۆن، هەرگیز بە ئەوروپا نەگەیشتوون و لە رێ گیانیان لە دەست داوە.

رۆژنامەی شپیگڵی ئەڵمانی لە 46 لاپەڕەدا وردەكاری ناوی سەرجەم ئەو قوربانییانەی بڵاو كردووەتەوە و ئاشكرای كردووە ناویان چییە و لە كام وڵاتەوە ویستوویانە بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن.

یەكێك لەو حاڵەتانەی ئاماژەی پێ كراوە ناوی تەڵعەت عەبدولحەمیدە كە تەمەنی ٣٦ ساڵە و دوای ئەوەی ٤٨ سەعات بە چیاكانی نێوان توركیا و بولگاریادا دەڕوات، لە رێ لە سەرما دەیبەستێت و گیان لە دەست دەدات.

بەگوێرەی voa رۆژنامەكە ویستوویەتی بەسەرهاتی سەرجەم ئەو قوربانییانە باس بكات و بیانكات بە دۆكیۆمێنت و باسی لەوەش كردووە كە ئەم كارەی تەنیا بۆ ئەوەی كردووە رێز لەو قوربانییانە بگرێت.

 بەگوێرەی ئەو ئامارەی خستوویەتە ڕوو، زۆربەی ئەو كەسانەی لە رێ گیانیان لە دەست داوە، بەهۆی ئەوە بووە لە ئاودا خنكاون و كەشتی یان بەلەمەكەیان نوقمی ئاو بووە.




وشە - سلێمان تاشان