لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەكانی هەڵەبجە پێكهێنرا
ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ بەدواداچوونی زیان لێكەوتووانی بومەلەرزەی شەوی ڕابردوو، ئەو پارێزگایە دوو لیژنەی پێك هێنا كە مەبەستیەتی خەمڵاندن بۆ زیانەكان بكات.
شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا و كوێت و سعوودیە و ئێرانی گرتەوە و لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كە هەڵەبجە یەكێك بوو لەو ناوچانە، زیانی زۆری گیانی و مادی لێ كەوتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 13ی تشرینی دووەم، پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی كردووە كە ئەمڕۆ لە پارێزگاكە بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە بە پێكهێنانی دوو لیژنەی تایبەت بە خەمڵاندنی زیانەكانی بوومەلەزرەكە و لیژنەیەك بەسەرپەرشتی قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە و ئەندامێتی بەڕێوەبەرانی شارەدێكانی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە پێك هێنرا.
هاوكات هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تریش بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەڵەبجە بۆ خەمڵاندنی زیانەكانی سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە دراوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم