بوومەلەرزەیەكی تر سلێمانی هەژاند

:: PM:05:20:13/11/2017 ‌
كەمێك لەمەوبەر بوومەلەرزەیەكی دیكە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری هەژاند، بە كەمی هەستی پێ كراوە و بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی دەڵێت، پاشماوەكانی بوومەلەرزەیە ڕوو دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تشرینی دووەم، دارا حەسەن بەڕێوبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەعات چوار و 16 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.7 سنووری پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری هەژاند.

بەڕێوبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی كەمی گوڕەكەیەوە بە كەمی هەستی پێ كراوە لەلایەن هاووڵاتییان و ئەو بوومەلەرزەیەش پاشماوەی بوومەلەرزەكانی تری شەوی ڕابردووە كە ڕوویدا بۆیە پێویست بە ترس ناكات ڕەنگە ئەو پاشماوانە بۆ چەند جارێك دووبارە ببێتەوە.

شەوی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.3 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە تەواوی كوردستان، ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێرانی دا.

لە ئەنجامی ئەم بوومەلەرزەیەشدا، زیانی زۆر بەر ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران گەیشتووە، لە شارۆكەی دەربەندیخان چەندان باڵەخانە و خانووی هاووڵاتییان زیانی پێ گەیشتووە و ڕووخاون، و بەگوێرەی دوا ئامارەكانیش 200 كەس گیانیان لە دەست داوە و سەدانی تریش بریندار بوون.



وشە - رامیار جەواد