داوا دەكرێت قوتابخانە ئاینییەكان بابەتی ئەكادیمی بخوێنن

:: PM:07:17:13/11/2017 ‌
هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكەن لە قوتابخانە ئاینییەكان جگە لە بابەتەكانی زانستی ئایینی ئیسلام بابەتە ئەكادیمییەكانیش بخوێندرێن.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی تشرینی دووەم، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداری وەزیری پەروەردە نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبوونەوە لەگەڵ قوتابخانە ئایینییەكان كراوە و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی قوتابخانە ئایینیەكان و وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵا كراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە لەو كۆبوونەوەیەدا،  داوا كراوە كە جگە لە بابەتەكانی زانستی ئایینی ئیسلام بابەتە ئەكادیمییەكانیش بخوێندرێن بۆ ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بتوانێت لە كۆلێژە جیاجیاكانی خۆی دەرچووەكانی ئەو قوتابخانە ئایینییانە وەربگرێت كە پێشتر تەنیا لە كۆلێژی شەریعە وەردەگیران.

هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە تەوەرەی دووەمی كۆبوونەوەكە تەرخانكراوە بۆ قسەكردن لەسەر بابەتە كارگێڕییەكانی قوتابخانە ئایینییەكان و ڕاهێنانی مامۆستاكانیان و لە كۆبوونەوەكەدا لە ڕووی ئیدارییەوە شوێنەكانیان دیاری كرا.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم