لە گەرمیان زیانی بوومەلەرزەكەی دوێنێ‌ ئاشكرا كرا

:: PM:07:43:13/11/2017 ‌
دەڤەری گەرمیان جیاواز لە ناوچەكانی تری كوردستان كاریگەریی زەمین لەرزە لەو ناوچانە زیاتر دەركەوتووە كە هاوسنووری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەرپرسێك باس لەوە دەكا چەقی زەمین لەرزەكان لە گوندێكی سنووری ئێرانەوە هەڵقوڵاوە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تشرینی دووەم، ناسیح حەسەن قایمقامی شارۆكەی دەربەندیخان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەوە پێنج هاووڵاتی لە شارۆكەی دەربەندیخان گیانیان لەدەست داوە و 70 هاووڵاتی برینداربوونە.

قایمقامی شارۆكەی دەربەندیخان دەڵێت، بەشێكی زۆر لە باڵەخانەی هاووڵاتیان و دەزگە حكوومییەكان زیانیان پێگەیشتووە بۆ ئەو مەبەستە سەرقاڵی پێكهێنانی لیژنەی تایبەتین بۆ داتا كۆكردنەوەی زیاتر.

هەڵگورد محەمەد جێگری بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە شارۆكەی كەلار بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، زەمین لەرزەكە لە سنووری گەرمیان بووەتە هۆكاری گیان لە دەستدانی دوو هاووڵاتی كە یەكێكیان منداڵ بووە لە شارەدێی كوڵەجۆی سەر بە شارۆكەی كفری و ئەوی تریان پیاوێكی بەتەمەن بووە لە شارەدێی رزگاری سەر بە شارۆكەی كەلار.

جێگری بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار دەڵێت، بەهۆی زەمین لەرزەكە 85 هاووڵاتی لە گەرمیان برینداربوون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

دارا حەسەن بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، سەنتەری بومەلەرزەكان لە شاری كرمشانی ئێرانەوە گواستراوەتەوە بۆ سەرتاسەری شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەت ناوەندەی دەست پێكی بومەلەرزەكان لە گوندی گڵەزەردەی ئێرانەوە دەستی پێ كردووە. 

عادل مەلا ساڵح بەڕێوەبەری شارەدێی بەمۆی سنووری گەرمیان و ئێران بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، تەنگی سەرتەك كە ناوچەیەكی گەشتیارییە داڕماوە هاوسنووری ئێرانە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی 



وشە - رامیار جەواد