ئایا بوومەلەرزەی تر ڕوو دەداتەوە؟

:: PM:08:16:13/11/2017 ‌
پسپۆڕێكی بواری جیۆلۆجی ئاشكرای دەكات، تا ئێستە "باك شۆكەكان"ی بومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەم، 13ی تشرینی دووەم، هاوكار عەلی پسپۆڕی جیۆلۆجی بە "وشە"ی راگەیاند، لە بوومەلەرزەكەی دوێنێی هەرێمی كوردستان تا ئێستە باك شۆكەكانی بەردەوامە، بەڵام لە سایتە فەرمییەكان تەنیا ئەوانە دەنووسرێن كە لەسەرووی چوار پلەی ڕێختەرەوەن.

ڕوونی كردەوە كە ئەو بوومەلەرزەی دوێنێ هات لەو سەدەی رابردوو بوومەلەرزەی  لەم شێوەیە نەبووە و ئەگەر هەموو بوومەلەرزەكانی دوێنێی ئەم ناوچەیە تا ئێستە وەربگرین زیاتر لە ١٧٥ بوومەلەرزە ڕووی داوە، بۆیە ئاسایی و چاوەڕوان كراوە دوای بوومەلەرزە تا ماوەیەك باك شۆك ڕوو دەدات.

هاوكار عەلی ئاشكرایشی كرد،  لە ساڵی 2011 لە سلێمانی كە بومەلەرزەیەك ڕوویدا بۆ ماوەی یەك مانگ بومەلەرزە لەوێ بەردەوام بوو، چونكە بەردەكان لە شوێنی خۆیان ڕۆیشتوون و كاتێكی زۆری دەوێ تا دادەنیشنەوە، بۆیە هەبوونی بوومەلەرزە لە دوای بوومەلەرزەی بە هێز شتێكی ئاساییە.

شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا و كوێت و سعوودیە و ئێرانی گرتەوە و لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان زیانی زۆری گیانی و مادی لێ‌ كەوتەوە.

سۆران/  موڕشید برادۆستی







وشە - سه‌رخێڵ هاشم