زیانی گیانی لێ‌ كەوتەوە
توركیا دەڤەری برادۆست بۆردومان دەكات

:: PM:08:56:13/11/2017 ‌
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە مەبەستی لێدانی بنكە و بارەگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بە چڕی بۆردومانی گوند و ئاواییەكانی دەڤەری برادۆست لە سنووری شارۆكەی سۆران دەكەن و زیانی گیانی لێ‌ كەوتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی تشرینی دووەم، ئیسحان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە" ی راگەیاند، سعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە چڕی بنكە و بارەگەكانی پەكەكەیان لە نێوان "مێرگەڕەش" و گوندی "چناركە" لە سنوورەكە بۆردومان كرد بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلێكی پەكەكە كرایە ئامانج و قوربانییان هەیە، بەڵام ژمارەكەیان نەزانراوە.

"هاوكات لە "گەڵی ڕەش"  ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پاتڕۆڵ رەنگی سپی هاووڵاتییەكی خێزاندار بە ناوی " هیمداد عوسمان " خەلكی گوندی ئاری تەمەن 36 ساڵ خێزاندار و خاوەن یەك منداڵ كرایە ئامانج و شەهید كرا" بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان وا دەڵێ‌.

تەنیا لە مانگی 11ی ئەمساڵ جاری چوارەمینە فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا بە بیانووی بۆردومان كردنی پەكەكە دەڤەری برادۆست لە باشووری كوردستان دەكەنە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی لێ دەكەوێتەوە.

سیدەكان كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان وڵاتانی كوردستان، توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوندە  زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردومان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەكەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.

سیدەكان / موڕشید برادۆستی







وشە - سه‌رخێڵ هاشم