زیانی بوومەلەرزەكەی پێنجوێن ڕاگەیەنرا

:: PM:09:43:13/11/2017 ‌
لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، بەهۆی بوومەلەرزەكەی شەوی رابردوو، ژمارەیەك هاووڵاتیی گەیاندراونەتە نەخۆشخانە و ژمارەیەك دووكانداریش زیانی مادی زۆریان بەركەوتووە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی تشرینی دووەم، زانا ڕەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، بوومەلەرزەكەی شەوی رابردوو كە بەگوڕی 7.2 پلە بوو هاوشێوەی زۆربەی ناوچەكانی تر شارۆكەی پێنجوێنیشی گرتەوە.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە تا ئێستە 12 بریندار  هەبووە كە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی پێویست.

هاوكات بەپێی ئامارێكی شارەوانی پێنجوێن كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" بەهۆی بوومەلەرزەكەوە، زیانی مادی بەر ژمارەیەك دووكانی ناو بازاڕی خوارەوەی پێنجوێن كەوتووە كە بەنزیكەی 10 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە، هاوسنووری وڵاتی ئێرانە و لە هێڵی بچووكی بوومەلەرزەی ئەو وڵاتەوە نزیكە، كە ئەوەیش زۆر جار مەترسی ڕوودانی دیاردەی سروشتی بوومەلەرزەی لێ دەكرێت و لە ڕابردووشدا چەندان جار پێنجوێن بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی گیانی و مادی بەركەوتووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی






وشە - سه‌رخێڵ هاشم