کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" له‌ ئه‌ڵمانیا نمایش ده‌كرێت

:: PM:10:28:13/11/2017 ‌
بڕیاره‌ سێیەمین خولی هەفتەی فیلمی كوردی "لایبزیگ"  لە رۆژانی ٣٠ ی تشرینی دووەم  تا ٢ ی کانوونی دووەم ٢٠١٧ له شاری لایبزیگ له وڵاتی ئەڵمانیا به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئه‌م بۆنە هونه‌رییه به کورتە فیلمی (ماڵ و كلیل) لە نووسین و ده‌رهێنانی سینەما كاری  ناودارى كورد "شوان عەتوف" بکرێته‌وه.

شوان عه‌توف، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆیى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌: "به‌ کورتە فیلمی (ماڵ و كلیل) لە نووسین و ده‌رهێنانی خۆم، سێیەمین خولی هەفتەی فیلمی كوردی "لایبزیگ" له وڵاتی ئەڵمانیا ده‌کرێته‌وه، هەفتەی فیلمی كوردی "لایبزیگ" لە لایەن ناوەندی كولتووری و فەرهەنگی هەرێمی ساكسۆنیا و سینەدینگه‌وه پشتگیری دەكرێت و كورتە فیلمی (ماڵ و كلیل) دەبێتە فیلمی دەستپێكی هەفتەكە كە بە گرنگییەكی زۆرەوە ڕێكخەرانی ئەم هەفتەیە تەماشایان كردووە و وەك فیلمێك كە لە ماوەی ١٥ خولەكدا مێژووی نەتەوەیەك تێدەگەیه‌نێت".

(ماڵ و كلیل) ساڵی پار، بەشدارییەکی سەرکەوتووانەی لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمدا ھەبوو و توانی ١٣ خەڵاتی جیھانی بەدەستبێنێت.

شوان عەتوف ئەكتەرێكی ناسراوی كوردە‌ و جگە لە پێشكەشكردنی چەند شانۆگەرییەك، پاڵەوانێتی چەند فیلمێكی سینەمایی بەرجەستە كردووە‌ و چەندان خەڵاتی نێوخۆیی‌ و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.





وشە - محەمەد میران