ئەوەی عێراق دەینێرێت بەشی نیوە مووچەی كوردستانیش ناكات

ئەوەی عێراق بۆ مووچە رەوانەی كوردستانی دەكات، بەشی نیوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناكات، چونكە جیاوازی نێوان لیستەكەی هەرێمی كوردستان و لیستەكەی بەغدا بۆ مووچە لە ژمارەی مووچەخۆردا، سەرووی 567 هەزار مووچەخۆر و لە بڕی مووچەشدا 450 ملیۆن دۆلارە. 

بەگوێرەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018، بەشێكی زۆر لە مافە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان فەوتێنراون، جگە لە چەندان پێشێلكاری گەورەی دەستووری. یەكێك لە گەورەترین ئەو گۆڕانكارییانەی لە پشكی بودجەی كوردستان كراوە، بریتییە لە دابەزینی پشكەكە لە 17%ەوە بۆ 12.67%.
پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق 17%یە و ئەمەش جێگیر بووە وەك عورفی یاسایی. هەرێمی كوردستان بەر لە ساڵی 2014 دوای كەمكردنەوەی بودجەی سیادی و چەندان خەرجی تر، مانگانە لانی كەم ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلاری بۆ دەهات، بەمەش دەیتوانی جگە لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، پەرە بە پڕۆژەكان و ژێرخانی ئابووری بدات. بەڵام لێكدانەوەی ژمارەكان ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەو بودجەیەی حكوومەتی عێراق بۆ كوردستانی دیاری كردووە، تەنانەت بەشی نیوە مووچەی فەرمانبەرانیشی ناكات چ بگات بەوەی پڕۆژەی پێ جێبەجێ بكات.
بودجەی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، ئاوەدانكردنەوە و مووچەی فەرمانبەران دەگەیشت، دوای ئەوەی بودجەی سیادی كەم دەكرایەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی كوردستان یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 كەسە و بڕی پارەی پێویست بۆ یەك مانگی مووچەكانیان دەكاتە 897 ملیار و 500 ملیۆن دینار.
بەڵام حكوومەتی عێراق ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی بە 682 هەزار كەس دەستنیشان كردووە و مانگانە 206 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردوون و بڕی 128 ملیار دیناریش بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی تەرخان كراوە، كە خانەنشینان، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، كەمئەندامان، سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. كۆی گشتی ئەو بڕە مووچەیەی عێراق رەوانەی دەكات دەگاتە 334 ملیار دینار.
 ئەگەر بڕی ئەو مووچەیەی عێراق رەوانەی دەكات لەگەڵ ئەو مووچەیەی شایستەی فەرمانبەرانی كوردستانە بەراورد بكرێت، ئەوا بەو ئەنجامە دەگەین كە 567 هەزار و 481 فەرمانبەر و مووچەخۆر بەبێ مووچە دەمێننەوە.
لە رووی داراییشەوە وەك ئاماژەی پێ كرا، مووچەی پێویستی هەرێمی كوردستان دەكاتە 897 ملیار و 500 ملیۆن دینار و ئەگەر عێراق ئەو مووچەیە بنێرێت كە لە رەشنووسەكەدا دیاری كردووە، ئەوا هەرێمی كوردستان لە مووچەدا 563 ملیار و 500 ملیۆن دینار كورت دەهێنێت كە دەكاتە 450 ملیۆن دۆلار.
هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك زیانی دارایی بەسەردا دەسەپێنرێت كە مەترسیدارن و دەبنە هۆی پاشەكشە پێكردنی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە، خاڵێكی تری مەترسیدار بۆ سەر بودجەی هەرێم، بریتییە لە بودجەی سیادی كە رێژەیەكی زۆری بۆ دیاری كراوە بێ ئەوەی سوودی بۆ كوردستان هەبێت.
‌بۆ ساڵی  2018 بڕی 43 تریلیۆن و 110 ملیار دینار  بۆ خەرجییەكانی سیادی تەرخان كراوە كە دەكاتە 39%ی بودجەی گشتی عێراق و ئەگەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی بخرێتە ڕوو، ئەوا لە راستیدا ئەو 12.67%ەش نییە، بەڵكو 6.3%ە. ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" روونی كردەوە، بودجەی سیادی عێراق لە كۆندا بە 16 بڕگە دەستی پێ كردووە و لە 2017دا گەیشتووەتە 65 بڕگە و لە بودجەی 2018 بۆ 80 بڕگە زیاد كراوە. 
بە گوتەی بڕیاردەری لیژنەی دارایی، ساڵانی 2012 و 2013 كە 22%ی بودجە بۆ سیادی بوو، ئێستە بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرز كراوەتەوە. ئەو پێی وایە "عێراق بۆیە ئەم كارەی كردووە تا بودجەی هەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە و كەمترین بودجەی پێ بگات، لە كاتێكدا لە بودجەی سیادی هەرێمی كوردستان بە رێژەی 5%یش سوودی لێ نابینێت".
حاجی رەشید دەڵێت، پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەو پێشێلكارییانە ئاگادار كردووەتەوە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ویستوویەتی بیكات، بەڵام دوای 36 رۆژ تەنیا بە نامەیەكی viber وەڵامی دراوەتەوە و پێی گوتراوە "دەنگ بە بودجە مەدەن".
بە بۆچوونی بڕیاردەری لیژنەی دارایی، حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێرباری ئەو مووچەیەی لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان كراوە و بە ملیۆنێك و 249 هەزار و 21 مووچەخۆر دەدرێت. زیاتر گوتی "حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستە راپۆرتی تەواوی بۆ بەغدا نەناردووە". 
هەرێمی كوردستان كە جاران كارتی ئەوەی لەبەردەستدا بوو ئەگەر بەغدا مووچە نەنێرێت، خۆی نەوتەكەی دەفرۆشێت و مووچەی فەرمانبەرانی دابین دەكات، ئێستە هیچ كارتێكی بەهێزی لە بەردەستدا نەماوە، جگە لەوەی بە دانوستان و جێبەجێكردنی دەستوور مافەكانی خۆی بچەسپێنێت.
دكتۆر شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت پێداگری لە جێبەجێكردنی هەردوو مادەی 111 و 112ی دەستووری عێراق بكات كە بەگوێرەی مادەكان، مافی ئەوە بە هەرێمی كوردستان دەدات خۆی بەشێك لە نەوتەكەی بفرۆشێت و ئەو كێڵگە نەوتانەی تا 2003 نەوتیان لێ دەرنەهێنراوە، وەبەرهێنانیان تێدا بكات و كەموكورتی مووچە و بودجەی پێ چارەسەر بكات.
عێراق جگە لەوەی قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە لە هەمان كاتدا دەبێت دەست بە ئاوەدانكردنەوەی شوێنە وێرانبووەكانیش بكات، بۆیە عێراق جگەلەوەی مافی كوردستان نادات، هەر لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستانە و عێراق بە پارەی هەرێمی كوردستان ناوچە عەرەبییەكان ئاوەدان دەكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان


AM:08:38:14/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 818 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌