بوفۆن وازی لە هەڵبژاردەی ئیتالیا هێنا

:: AM:09:10:14/11/2017 ‌

جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێز و كاپتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بڕیاری وازهێنانی یەكجاری لە یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی راگەیاند.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوێنێ دووشەم لە یاریی گەڕانەوەی پاشكۆكانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا لەنێو یاریگەی سان سیرۆ لە شاری میلان بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی سوێد یەكسان بوو.

بەم ئەنجامەش هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوای 60 ساڵ نەیتوانی بگاتە یارییەكانی كۆتای مۆندیال كە بڕیارە هاوینی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی رووسیا بێتە ئەنجامدان، بەهۆی ئەوەی لە یاریی چووندا بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد دۆڕا بوو.

دوای یارییەكە بوفۆن لە تەمەنی 39 ساڵیدا وازهێنانی یەكجاری لە یاریی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هێنا و داوای لێبوردنیشی لە هەموو گەلی ئیتاڵیا كرد كە نەیانتوانی ئامانجەكانیان بهێننە دی.

بوفۆن تاكە یاریزانە زۆرترین یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامدابێت كە 174 یاریی ناودەوڵەتییە.

بوفۆن هەروەها سوپاسی سەرجەم راهێنەران و یاریزانان و ئەندامانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا كرد كە لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵدا پاڵپشتییان كردووە و متمانەیان پێ كردووە.

جێی باسە چاوەڕوان دەكرێ بوفۆن دوای كۆتاهاتنی ئەم وەرزە واز لە یاریكردن لە ریزی یانەی یۆڤانتۆسیش بێنێ و بەیەكجاری لە یاریكردنی تۆپی پێ دوور بكەوێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م