بینایی ئه‌حمه‌د ئه‌و كچه كورده‌ی ناسراوه به‌وه‌ی به لێهاتوویی خۆی به‌ره‌نگاری یه‌كێك له سه‌ختترین نه‌خۆشییه‌كان بووه‌ته‌وه كه نه‌خۆشیی "پێستی ماسییه"، توانیویه‌تی ببێت به كه‌سایه‌تییه‌كی به‌خشه‌ر و یارمه‌تی جۆراوجۆری كه‌مئه‌ندام و ئاواره‌كان بدات.
ئه‌و كه له زستانی ساڵی ١٩٩٦ له گه‌ڕه‌كی تووی مه‌لیك له سلێمانی له دایك بووه، پزیشكه‌كان ته‌نیا یه‌ك سه‌عاتیان بۆ مانه‌وه‌ی له ژیان داناوه، به‌ڵام توانی بژی و ئێسته قوتابیی قۆناغی سێی زانكۆیه. بینایی له دیدارێكی "وشه"دا باس له سه‌ختی قۆناغه‌كانی ژیانی ده‌كات له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌یدا و چیرۆكی سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیی ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ، "پێویسته به‌چاوی ڕێز سه‌یر بكرێین نه‌ك به‌زه‌یی".
منداڵی تۆ له كاتێكدا بوو كه بارودۆخی ئابووریی كوردستان باش نه‌بوو، چۆن دایكت و باوكت زانییان تۆ نه‌خۆشی؟ ئایا كاتێك كۆرپه‌ڵه بووی پزیشكه‌كان له‌ڕێی پشكنینه‌وه به‌و نه‌خۆشییه‌ی تۆیان زانی؟
كاتێك له سكی دایكم بووم، پزیشك به نه‌خۆشییه‌كه‌میان نه‌زانیبوو، نه‌خۆشییه‌كه‌ی من زگماكه و له له‌دایكبوونه‌وه ئه‌و نه‌خۆشییه‌م هه‌یه، سه‌ره‌تای ژیانی منداڵیم وه‌ك دایكم و باوكم بۆم باس ده‌كه‌ن زۆرجار به برسیه‌تیم بردووه‌ته سه‌ر، چونكه جگه له دایك و باوكم، هیچ كه‌س له ماڵی باپیرم كه ئێمه له‌گه‌ڵیاندا ژیاوین، نه‌یانوێراوه لێم نزیك ببنه‌وه، بۆیه له‌به‌ر خراپی باری ئابووری برسی نه‌بووم، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌خۆش بووم، جگه له دایك و باوكم كه‌سی تر نه‌ك یارمه‌تی نه‌داوم، بگره برسیه‌تیشی تێر نه‌كردووم. له‌باره‌ی چاره‌سه‌ریش له كۆرپه‌ڵه‌یییه‌وه چه‌ندان پزیشكی منداڵ منیان بینیوه، به‌ڵام به دایك و باوكمیان گوتووه هیچ هیوایه‌كی بۆ ژیان نییه و ده‌مرێت.
ئایا ئه‌م نه‌خۆشییه هیچ گرفتێكی بۆ دروست كردبووی له كاتی خوێندن؟ چوونت بۆ قوتابخانه و بڕینی قۆناغه‌كانی خوێندنت چۆن بوو؟
كاتێك گه‌یشتمه ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵی و دایكم بردمی بۆ ناو تۆماركردن له قوتابخانه، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه ئاماده نه‌بوو وه‌رمبگرێت، پێی گوتین ئه‌و منداڵه نه‌خۆشه ناتوانرێت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی تر له یه‌ك پۆل دابنرێت و ڕێگه پێدراو نییه، به‌ڵام ئێمه كۆڵمان نه‌دا و پێداگیریمان كرد تا وه‌رگیرام و قۆناغه‌كانی خوێندم تا ئێسته به‌سه‌ركه‌وتوویی هێناوه.
هاوڕێت هه‌بوو له قوتابخانه؟ ژیانی منداڵی و رواڵی "مێرمنداڵ"یت چۆن به‌سه‌ر برد؟
هیچ كات له قوتابخانه هاوڕێم نه‌بووه، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌مه‌وه كه‌س نه‌ده‌بوو به هاوڕێم، قۆناغه‌كانی قوتابخانه‌م به‌م شێوه‌یه ده‌بڕی "دایكم له نێوانی هه‌موو وانه‌یه‌كدا به ده‌به‌یه‌ك ئاوی سارده‌وه ده‌هاته لام و جه‌سته و ڕووخساری سارد ده‌كردمه‌وه، چونكه ماندووبوون و گه‌رما دژی نه‌خۆشییه‌كه‌ی منن"، بۆیه ته‌نیا له‌و چه‌ند خوله‌كه‌ی دایكم ده‌هاته لام هاوڕێم هه‌بوو، چونكه زۆربه‌ی قوتابییه‌كان له دایكم كۆ ده‌بوونه‌وه و ده‌یانپرسی بینایی بۆ ئاوایه؟ دایكیشم بۆی ڕوون ده‌كردنه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی دایكم بۆ ماڵ، قوتابییه‌كانیش لێم دوور ده‌كه‌وتنه‌وه.
یه‌كه‌م جار كه‌ی بوو هه‌ستت كرد تۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ت هه‌یه؟
من هه‌میشه هه‌ستم به نه‌خۆشییه‌كه‌م كردووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتمه قۆناغی بیركردنه‌وه، كاریگه‌ریی زیاتری هه‌بووه، چونكه له هه‌موو شوێنێك و له هه‌موو چاوێكدا ده‌بووم به پرسیار ، ئایا خۆمم سووتاندووه یان سووتاوم یان نه‌خۆشیی پێستم هه‌یه؟ ته‌نانه‌ت گه‌یشته ئه‌و حاڵه‌ته‌ی خه‌ڵك خێری پێ ده‌كردم، ئه‌و كاتانه‌ی له‌گه‌ڵ دایكم ده‌چووم بۆ بازاڕ، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌رمام نه‌بێت به‌رده‌وام له سێبه‌رێك دایده‌نام تا كه‌لوپه‌له‌كانی ده‌كڕی، تا ئه‌و كاره‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرد، ئه‌وه‌ی به به‌رده‌می مندا ده‌ڕۆیی پاره‌ی ده‌دامێ كه ئه‌وه بۆ من زۆر ناخهه‌ژێن بوو بێگومان بۆ دایكیشم.
زانیاریت هه‌یه چه‌ند كه‌سی تر ئه‌م جۆره نه‌خۆشییه‌ی هه‌یه له كوردستاندا؟ ئێسته هیوایه‌ك هه‌یه بۆ چاكبوونت، یان پزیشكه‌كان چی ده‌ڵێن؟
پزیشك تا ئێسته له كوردستان و عێراق هیچ چاره‌سه‌رێكیان بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، هیچ هیوایه‌كیشم پێ نه‌دراوه، به‌ڵام خۆم دوور له چاكبوونه‌وه‌یش دنیایه‌ك له ڕووناكی و هیوا له ناخمدایه، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم كۆمه‌ڵێك كه‌سی تر هه‌ن به‌هه‌مان نه‌خۆشییه‌وه، به‌ڵام زانیاریم نییه كه ژماره‌یان چه‌نده.
زۆر كه‌س كاتێك تووشی نه‌خۆشییه‌ك ده‌بن بێ هیوا ده‌بن و نایانه‌وێ بژین و چاوه‌ڕێی مردن ده‌كه‌ن، بینایی چۆن توانی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ و ڕووبه‌ڕووی ئه‌و نه‌خۆشییه ببێته‌وه؟.
من زۆر سه‌ختیم تێپه‌ڕاند و له كۆتادا ڕاهاتم له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێك، بۆیه بڕیارم دا به‌رده‌وام بم و به‌هێز بم و وره‌به‌خش بم، ٢١ ساڵه هه‌موو ڕۆژێك به به‌رده‌وامی به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه پێستی هه‌موو ڕووخسار و جه‌سته‌م هه‌ڵده‌وه‌رێت و دووباره دروست ده‌بێته‌وه و هه‌ڵده‌وه‌رێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆم وه‌ستاوم و به‌وپه‌ڕی بوێری ڕووبه‌ڕووی سه‌خترین نه‌خۆشی ده‌بمه‌وه و هه‌موو ڕۆژ به‌خۆم ده‌ڵێم له نه‌خۆشییه‌كه‌م ئازاترم، بۆیه سه‌رده‌كه‌وم و ده‌گه‌م به ئامانج.
كاریگه‌ری رووخسارت و نه‌خۆشییه‌كه‌ت چی بووه له‌سه‌ر ژیانت؟
نه‌خۆشییه‌كه‌م فێری كردم چۆن پێچه‌وانه‌ی هه‌مووان بۆ سه‌ركه‌وتن بڕۆم، له هه‌وڵدان نه‌وه‌ستم و له مانای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان تێبگه‌م، به‌ڵام چاوی به‌شێكی كۆمه‌ڵگه توانج و تێڕوانینی نه‌شیاو و پڕ گومان و پرسیاری ئازاربه‌خشیان پێ به‌خشیم، ده‌مه‌وێت لێره‌وه به‌هه‌مووان بڵێم ئیتر با به‌س بێت، ئێمه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت مرۆڤین، مرۆڤیش شایه‌نی ڕێزه نه‌ك به‌زه‌یی .
چۆن بیرت له‌وه كرده‌وه كه هاوكاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بكه‌ی؟
به‌هۆی زۆری ئازاره ڕۆحی و جه‌سته‌یییه‌كانی خۆمه‌وه هه‌وڵم دا یارمه‌تی كه‌سانی تری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بده‌م، تا له نه‌وه‌ی داهاتوودا دیسان ئازار نه‌كێشنه‌وه، ڕێی ژیانێكی ئارامیان بۆ ڕۆشن بكه‌مه‌وه، كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت هه‌میشه كه‌سانی زۆر پڕ به‌هره‌ن و هه‌میشه خاوه‌ن داهێنانن، به‌ڵام پێویستیان به پاڵپشتی هه‌یه، بۆیه پێویسته هه‌ر كه‌س و به‌شێوه‌یه‌ك له جێی خۆیه‌وه هاوكار بێت.
داوات لێ كراوه بچیته یه‌كێك له وڵاتانی ئه‌وروپی بۆ چاره‌سه‌ر، ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری هه‌بێت؟
نه‌خێر تا ئێسته داوام لێ نه‌كراوه له‌لایه‌ن هیچ وڵاتێكه‌وه، نازانم ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی من له ده‌ره‌وه چاره‌سه‌ری هه‌یه یا نا، به‌ڵام بێگومان ویستی چاره‌سه‌رم هه‌یه و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر له هه‌ر كوێ هه‌بێت، ده‌مه‌وێت بۆی بچم.
چه‌ند پڕۆژه‌ت بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه و ئاواره‌كان ئه‌نجام داوه؟
ساڵی ڕابردوو له پڕۆژه‌یه‌كمدا هاوكاری و كۆمه‌كم بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه كۆ كرده‌وه كه توانیم به‌شێوه‌یه‌كی كه‌میش بێت به‌شداری بكه‌م له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كانیان، هه‌روه‌ها كۆمه‌ك و هاوكاریمان بۆ ئاواره‌كان كۆ كرده‌وه كه روویان كرده كوردستان، من له هه‌وڵه‌كانم هه‌ر به‌رده‌وامم و له ماوه‌ی داهاتوودا پڕۆژه‌ی تازه‌م ده‌بێت بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت.
تۆ به باسكردنی ژیانت هێنده‌ی تر خۆت به خه‌ڵك ناساند، فیدباگی تێدێكس نیشتمان چی بوو له ژیانت؟
تێدێكس نیشتمان پردێك بوو بۆ گه‌یاندنی په‌یامی من و كه‌سانی تری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به كۆمه‌ڵگه، شانازییه‌كی گه‌وره بوو به‌شداریكردنم له چالاكییه‌كی وادا، من و هه‌موو به‌شدارانی تر هه‌ستێكی جیاواز له گرنگیدانی كۆمه‌ڵگه‌مان به‌خۆمان بینی.
وشه/هه‌ولێر-ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان