مانچستەر یونایتد خۆی بۆ گەڕانەوەی ئیبراهیمۆڤیچ ئامادە دەكات

:: AM:09:50:14/11/2017 ‌

یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ گەڕانەوەی هێرشبەرە سوێدییەكەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ دوای چاكبوونەوەی لە پێكانە قورسەكەی.

ئیبراهیمۆڤیچ لە نیسانی رابردوو (مانگی چوار) لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد لە یارییەكی خولی ئەوروپادا تووشی پێكانێكی قورسی چۆكی هاتبوو و چاوەڕوانیش دەكرێ لەسەرەتای ساڵی نوێدا دەست بە یاریكردن بكاتەوە.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی مانچستەر یونایتد درێسی ژمارە 10ی تیپەكەی كە پێشتر لەلایەن واین رۆنی ئەستێرەی پێشووی یانەكەی بوو، داوەتە ئیبراهیمۆڤیچ.

یانەی مانچستەر یونایتد بەفەرمی درێسی ژمارە 10ی یانەكەی بەناوی ئیبراهیمۆڤیچ خستووەتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی هاندەران بیكڕن وەك پاڵپشتییەك بۆ گەڕانەوەی.

ئیبراهیمۆڤیچ /34 ساڵ/ چەند هەفتەیەكە لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد دەستی بە مەشق و راهێنانەكان كردووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناكرێ بەم زووانە دەست بە یاریكردن بكاتەوە و پێشبینیش دەكرێ لەسەرەتای ساڵی نوێدا بەفەرمی لە یارییەكانی یانەكەیدا بەشدار بێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م