راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا وازی نەهێناوە

:: AM:11:38:14/11/2017 ‌

گیان پیرۆ ڤینتۆرای راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا رەتی كردەوە وازی لە كارەكەی هێنابێت هەرچەندە نەیتوانی هەڵبژاردەكە بگەیەنێتە یارییەكانی كۆتای مۆندیالی 2018ی رووسیا.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوێنێ دووشەم لە یاریی گەڕانەوەی پاشكۆكانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا لەنێو یاریگەی سان سیرۆ لە شاری میلان بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی سوێد یەكسان بوو.

بەم ئەنجامەش هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوای 60 ساڵ نەیتوانی بگاتە یارییەكانی كۆتای مۆندیال كە بڕیارە هاوینی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی رووسیا بێتە ئەنجامدان، بەهۆی ئەوەی لە یاریی چووندا بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد دۆڕا بوو.

ڤینتۆرا بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی ئیتاڵیا رایگەیاند: تا ئێستا وازم لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نەهێناوە، چونكە تا ئێستا قسەم لەگەڵ سەۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا نەكردووە.

ڤینتۆرا جەختیشی كردەوە كە یاریزانانی هەڵبژاردەكەی لە یارییەكەی شەوی رابردوودا ئاستێكی باشیان پێشكەش كرد، بەڵام نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بكەن و سەركەوتن بەدەست بێنن.

راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا راشی گەیاند كە شانازی دەكات بەشێك بووە لە خێزانی تۆپی پێی ئیتاڵیا و راهێنەری كۆمەڵێك پاڵەوانی وڵاتەكەی بووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ دووشەم بەر لە یارییەكە، دەزگاكانی راگەیاندنی ئیتاڵیا بڵاویان كردبووەوە كە یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا ڤینتۆرا لە ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكەی دوور دەخاتەوە تەنانەت ئەگەر بتوانێ هەڵبژاردەكەش بگەیەنێتە مۆندیال.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م