نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەربەندیخان بەسەر دەکەنەوە

:: AM:11:57:14/11/2017 ‌

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر گەیشتنە دەربەندیخان و دەیانەوێت لە نزیکەوە قوربانیانی بوومەلەرزە و دوایین دۆخی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە بەسەر بکەنەوە.

 

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی لە نزیک هەڵەبجە رووی دا زۆرترین زیان بەر دەربەندیخان کەوت و بۆیەش شاندەکەی حکوومەت ئەو شوێنەیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بەسەری بکەنەوە.

 

لە هەرێمی کوردستان بە هۆی بوومەلەرزە هەشت کەس گیانیان لەدەست دا کە پێنج کەسیان لە دەربەندیخان بوون و سەدان کەسیش بریندار بوون.

 

هەریەک لەدکتور رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو یاوەری نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەکەن.

 

بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەم لەسەر دووشەم لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەست پێ کرا و بەهێزترین بوومەلەرزە بووە کە تاوەکوو ئێستە لە هەرێمی کوردستان رووی داوە.

 

زۆرترین کاریگەری ئەو بوومەلەرزەیە لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە هۆیەوە سەرووی ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و بە هەزاران خانووش خاپوور کران.

 

 

 

 



وشە - سلێمان تاشان