لە كرماشان 12 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون 100% رووخاون

:: PM:12:07:14/11/2017 ‌

بە هۆی بوومەلەرزەكەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەمی رابردوو لە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەرووی ١٢ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە تەواوی رووخاون و سەرووی ٣٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی تریش زیانیان بەركەوتووە.

حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئەمڕۆ گەیشتە پارێزگای كرماشان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە كاریگەرییەكانی ئەو بوومەلەرزەیە ببینێت.

ئەو گوتی دامەزراوەی نیشتەجێبوون بەرپرسیارە لەوەی خانوو بۆ خەڵك دابین بكات و سەرجەم دەزگەكانی تر و تەنانەت خێرخوازانیش دەبێت لە رێی ئەو دامەزراوەیەوە هەوڵی یارمەتیدانی خەڵك و نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكان بدەن.

ئەو بەڵێنی داوە حكوومەتی پێشینەی بێ بەرامبەر بە خەڵك بدات بۆ ئەوەی خەڵكیش دەست بە ئاوەدانكردنەوەی خانووەكانیان بكەن.

لە لایەكی ترەوە موحسین رەزایی سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم گوتی، ئەگەر هەر یەكەیەكی نیشتەجێبوون بڕی ٣٠ ملیۆن تمەن یارمەتی بدرێت، ئەوا بە گشتی حكوومەت پێویستی بە هەزار ملیار تمەن هەیە كە بە دۆلار دەكاتە نزیكەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار.

لە سەرپێل زەهاو زۆرێك لە باڵەخانەكان وێران بوون و زۆربەی ئەو باڵەخانانەش كە زیانیان پێ گەیشتووە، هی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەیە كە بە مێهر ناسراوە و لە سەردەمی مەحموود ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بنیات نراون.

زۆر لە باڵەخانە و خانووەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كەرپووچ دروست دەكرێن و ئەمەش لە بەرامبەر بوومەلەرزەدا بەهێز نییە.

بە گشتی بەهۆی بوومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی كوردستان ٤٤٠ كەس گیانیان لە دەست داوە و سەرووی حەوت هەزار كەسیش بریندار بوون.






وشە - سلێمان تاشان