ئەرێ شوماخەر چی لیهاتەوە؟

:: PM:12:39:14/11/2017 ‌

چوارساڵ بەسەر رووداوی بەربوونەوەی مایكل شوماخەری شوفێری ناوداری پێشبڕكێی فۆڕمێلا وەنی ئەڵمانی تێپەڕیوە و تا ئێستاش وەك جەستەیەكی مردوو وایە و قسە و جوولە ناكات.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی زانیاری لەلایەن كەسێكی نزیكی ماڵباتی شوماخەر بڵاو كردەوە و ئاشكرای كرد كە ئەو شوفێرە تا ئێستاش بەبێ هیچ جولەیەك لە ماڵەكەی خۆیدا لە شاری جنێف لە وڵاتی سویسڕا راكشاوە.

ئاشكراشی كرد كە جەستەی شوماخەر بەهیزە و چاوەڕوان دەكەن ئەم دۆخە تێپەڕێنێ و رۆژێك لە رۆژان بە جولە بكەوێتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە كۆرینای هاوسەری و هەردوو منداڵەكەی لە چاوەڕێی ئەوەدان رۆژێك لە رۆژان پەرجوو (معجیزە)یەكی پزیشكی رووبدات و خۆشەویستەكەیان بكەوێتەوە سەر پێیان و قسە بكاتەوە.

شوماخەر لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2013 لەسەر چیای ئەلب لە وڵاتی فڕەنسا لە كاتی یاریی خلیسكان لەسەر بەفردا تووشی رووداوێك بوو و سەری بەر تاشەبەردێك كەوت و لەو كاتەوە تا ئێستا هیچ جولە و قسەیەكی نەكردووە و وەك جەستەیەكی مردوو راكشاوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م