پۆلیسی دارستان لە شارەزوور پێنج كەسی گرت


 
پۆلیسی دارستان لە سنووری شارەزوور لە پیرەمەگروون و تەكیە، پێنج ڕاوچی گرت و دەستیشی بەسەر كەلوپەلەكاندا گرت.

عەقید هێمن كەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی، تیمەكانی پۆلیسی دارستان دوای بەدواداچوون و پشكنین توانییان ژمارەیەك راوچی بگرن كە سەرپێچی جیاوازیان ئەنجام دابوو.

جگە لەو سەرپێچكارانە كۆمەڵێك باڵندەش دەستیان بەسەردا گیراوە كە لە لایەن راوچییەكانەوە راو كرابوون و پۆلیسیش بە بڕیاری دادوەر باڵندەكانی رزگار كرد بۆ ئەوەی بەرەو سروشت بفڕن كە لە جۆری كۆتر و قەتێ و باز بوون.

حاڵەتێكی تر پێوەندی بە لێدانی بیر بە شێوەیەكی نایاسایی هەبوو كە وێرای گرتنی كەسەكە، هەموو ئەو ئامێرانەش دەستیان بەسەردا گیرا كە لە بیرلێدان سوودیان لێ وەردەگیرێت.

ئەو دووپاتی كردەوە لە پێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی كوردستاندا، پێویستە هەمووان  پابەند بن بەڕێنوێنییەكانی پۆلیسی دارستان .                                                





وشە - سلێمان تاشان


PM:01:43:14/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 378 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌