حكوومه‌تی ڕووسیا پێی وایه، ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژ به داعش ده‌یكات، ته‌نیا خۆ نواندنه و ڕاست ناكات، به‌وه‌ش تۆمه‌تباری ده‌كات كه مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و تیرۆریستانه بمێننه‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا ڕای گه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی دژ به تیرۆر له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نیا قسه و خۆ نواندنه، بۆ نموونه مامه‌ڵه‌ی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ری.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا به ڕوونی ده‌ڵێ، هه‌ڵوێستی ڕاستی ئه‌وه‌یه له زه‌ویدا به كردار بكرێت، كاتێك ته‌ماشای كردار ده‌كه‌ین بۆ نموونه ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داعش كرا، ده‌بینین ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، مه‌به‌ستی نییه تیرۆر له‌ناو بچێ.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕێگری بۆ هێزه ئاسمانییه‌كانی ڕووسیا دروست بكه‌ن و ده‌یانه‌وێ داعش له "بوكه‌مال" له ڕووسیا ڕزگاری بێت.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه دوێنێ دووشه‌م، جیم ماتیس وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، سوپای ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی داعش ده‌كات تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌وان بیانه‌وێ شه‌ڕ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌لای ڕووسییه‌كانه‌وه مانای ئه‌وه‌یه ده‌توانن واز له شه‌ڕ بهێنن له‌گه‌ڵیان.