سوپای پاسداران لەسەر سنوور ماڵاتی هاووڵاتیان دەدزن

:: PM:04:45:14/11/2017 ‌
سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەیان سەر مانگای هاووڵاتییانی دەڤەری برادۆست لە سنووری كارگێڕی شارەدێی سیدەكان ئاودیوی سنوورەكەیان دەكەن و بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكانیش دەڵێت" ئێران بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە ئەو مانگایانە بگەڕێنێتەوە".

ئەمڕۆ سێشەم 14ی تشرینی دووەم، عەبدولجەبار عومەر خاوەنی گاڕانەكە و دانیشتووی گوندی ئالانەی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو ساڵێك لە وەرزی بەهار بەمەبەستی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات روو لە كوێستانەكانی "سیاكیۆ" و "مێرگە دووكان" دەكەن و تا پایزێكی درەنگ ناگەڕێنەوە، بەڵام زیاتر لە سێ مانگە پاسدارانی ئێران 43 سەر مانگایان لێ دزیون و بە هیچ  مەرجێك بۆیان ناگەڕێننەوە.

زیاتر گوتی، لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە لە لایەن سوپای پاسدارانی لە دۆڵەمەیدانی كێلەشینی هاوسنووری پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستان، مانگاكانیان لێ بردوون كە بۆ لەوەڕاندن چووبوونە نزیك پایگایەكەی پاسداران لە سیاكیۆ.

باسی لەوەیشكرد كە تا ئێستە هەر چاوەڕێی هێنانەوەی ئاژەڵاكانن و هەندێك لە گۆلكەكانی ئەو مانگایەنەش بێ شیر ماون و بە دەست شیریان پێ دەدەین.

ئەو هاووڵاتییە دەڵێ‌، فەرماندەكەی پاسدارانی ئێران پێی راگەیاندوون كە مانگاكان بە نایاسایی هاتوونەتە ناو خاكی ئێران، بۆیە پێیان نادرێنەوە، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە مانگاكانی خاكی ئێرانیان بەزاندبێت و دەڵێ، "تەنیا بۆ لەوەڕ و خواردنی گژوگیا چووبوونە نزیك پایگا".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتووە، ئەمە جاری یەكەم نییە، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران مەڕ و ماڵات و چێڵ و بزنی هاووڵاتییانی دەڤەری برادۆست ئاودیو دەكەن و ساڵی رابردووش دوو گەنجی گوندی لێلكانی برادۆست كە بۆ گژوگیای بەهاری روویان لە گەلی خواكورك كردبوو، بە بیانووی نزیك كەوتنەوە لە پایگای پاسداران لە سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان گیران و دواتر بە هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئازاد كران.

ئیسحان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، لە رێگەی پاسەوانی سنوور، نووسراو بۆ قایمقامیەتی پیران شار و حكوومەتی ئێران كراوە، بەڵام ئەوان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون مانگاكان بگەڕێنەوە.

 شارەدێی سیدەكان ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆران لە پارێزگەی هەولێرە، سیدەكان بە دووری 144 كم لە بەشی باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، تا پێش ساڵی 1996 بە فەرمی هەر بە شارەدێی برادۆست دەناسرا.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم