میدیای فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە ئاماری ئەو هاووڵاتییانەی لە بوومەلەرزەكەی كرماشان گیانیان لە دەست داوە بەرز بووەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 14 تشرینی دووەم، ئاژانسی هەواڵی "
ئیرنا" بڵاوی كردەوە، تا ئێستە ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەكەی كرماشان لە بەرزبوونەوەدایە و ئێستە ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لە دەست داوە گەیشتووەتە 432 هاووڵاتی و حەوت هەزار و 817 هاووڵاتی تریش بە هۆی ئەو بومەلەرزەیەوە برینداربوون.
بە پێی هەواڵەكە، لە سەرپێڵی زەها 317 كەس و لە ئیسلام ئابادی غەرب 32 كەس، لە كرند 14 كەس و لە قەسری شیرین 28 كەس و لە كرماشان 25 كەس و لە سەلاسی باوەجانی 15 كەس و لە جوانڕۆ سێ كەس و لە سەحنە سێ كەسی تر گیانیان لەدەست داوە.
لە بومەلەرزەكەی كرماشاندا كە ناوەندی بومەلەرزەكە شارۆكەی ئەزگڵەی سەر بە پارێزگای كرماشان بوو زۆربەی زۆری خوێندنگەكان و نەخۆشخانەكان و فەرمانگە حكوومییەكان ڕووخاون یان زیانیان پێ گەیشتووە كە پێشبینی دەكرێت لە 35% خوێندنگەكانی سەرپێڵی زەها وێران بووبن.
بەرپرسانی پارێزگای كرماشان ڕای گەیاندووە، لە دوای ڕوودانی بوومەلەرزەكە تا ئێستە 222 بوومەلەرزەی تر ڕووی داوە كە گوڕەكانیان لە نێوان 1.4 تا سێ پلە بە پێوەری ڕێختەر بوون.
هاوكات ئەمڕۆ ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی ئێران ڕەخنەیان لە حكوومەتی ئێران گرت و ڕایان گەیاند، حكوومەت لە یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی پارێزگای كرماشان كەمتەرخەمە.