بەراوردێك لە نێوان توانای سەربازی سعوودیە و ئێران

:: PM:06:28:14/11/2017 ‌

بەم دوایە ململانێی ناراستەوخۆی نێوان ئێران و سعوودیە زیاتر بووە و سعوودیە چەند رێوشوێنێكی ناوخۆیی و لەسەر ئاستی ناوچەكە وەرگرت، هەروەها چەند كاردانەوەیەكی ئێرانیش لە رێگەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژە بۆ بوونی بۆ ئەگەرێكی نادیار بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی ناراستەوخۆ لە نێوانیان دەكات، هەروەها لە رێگەی هەڵكوتانی سعوودیە بۆسەر حزبوڵا و حوسییەكانەوە. 

رۆژنامەی "دەیلی ئێكسپرێس"ی بەرتانیایی هەستاوە بە بەراوردكردنی هێزی سەربازی هەریەك لە ئێران و سعوودیە وەك روونكردنەوەیەك بۆ ئەگەری دروستبوونی بەریەككەوتنی سەربازی لە نێوانیاندا.

بە پێی رۆژنامەكە سعوودیە لەكاتی دروستبوونی هەر جەنگێكدا توانای راكێشانی 934 هەزار پیاوی وەك یەدەگی سەربازی هەیە، لەو كاتەی 40 ملیۆن لە دانیشتوانی دەتوانن ئامادە بكرێن، هەرچی ئێرانە ئێستە خاوەن 250 هەزار سەربازە و دەتوانێت لەكاتی پێویستدا 14 ملیۆن كەس وەك یەدەگ ئامادە بكات.

سعوودیە لە رووی ژمارە و جۆری فڕۆكە جەنگییەكانییەوە لە پێش ئێرانە كاتێك خاوەنی 790 فڕۆكە و هەلیكۆپتەرە كە زۆرینەیان جەنگین، لەو كاتەی ئێران خاوەنی 477 فڕۆكەیە و زۆرینەیان هی گواستنەوەن.

هەردوو دەوڵەت لە رووی ژمارەی تانكەكانیان نزیكن لە یەكتر كاتێك سعوودیە خاوەنی هەزار و 142 تانكە و ئێرانیش هەزار و 161 تانك، بەڵام لە جۆر و پێشكەوتوویانەوە هی سعوودیە لەپێشترە، هەروەها سعوودیە لە ژمارەی ئۆتۆمبێل و زریپۆشەوە لەپێش ئێرانە، كە سوپای سعوودیە خاوەنی پێنج هەزار و 500 ئۆتۆمبێلی زریپۆشی سەربازییە، لەو كاتەی ئێران خاوەنی هەزار و 315 ئۆتۆمبێل و زریپۆشی سەربازییە.

لە رووی ژمارەی تۆپەكانییەوە ئێران خاوەنی هەزار و 474 مووشەكوەشێن و نزیكەی دوو هەزار و 500 تۆپە، لەو كاتەی ئەوەی سعوودیە 322 مووشەكوەشێن و هەزار تۆپی هەیە، هەرچی لە دەریاشە ئێرانییەكان لەپێش سعوودیەن كاتێك خاوەنی 398 كەشتین، سعوودیەش خاوەنی 55 كەشتی گەڕۆكە.

هەرچی قەبارەی بودجەی بەرگرییە، سعوودیە ساڵانە بڕی 43 ملیار جونەی ئیسترلینی بۆ بواری بەرگری دابین دەكات، لەو كاتەی ئەوەی ئێران دەگاتە 4.7 ملیار، بۆیە لەو ژمارانەی سەرەوە دەردەكەوێت كە هەردوو دەوڵەت خاڵی لاوازیان لە بەرامبەر یەكتردا هەیە، بۆیە هەر ئەگەرێكی جەنگ لە نێوانیاندا ئەنجامەكەی بۆ هەردوولا باش نابێت.

بە پێی ماڵپەڕی "عەرەبی ئەلیەوم"، چەند میدیایەكی عەرەبی ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە محەمەد كوڕی سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودییە پلانێكی سەربازی نهێنی و نەخشەكانی پلانەكەی بەدەست گەیشتووە لەبارەی هەڵمەتێكی گەورەی سەربازی لەدژی حزبوڵای لبنانی. 

ئەو هەنگاوەش لە دوای قۆناغێك لە كردنەئامانجی سیاسییانە و راگەیاندن و ئابوورییانەی حزبوڵای لبنانییەوە دێت، بە پێی پلانەكە سعوودیە 300 فڕۆكەی جەنگی ئامادە كردووە كە ژمارەیەكیان ئەمەریكی و ئیماراتی و ئیسرائیلین، بڕیارە ئەوان لەناكاو هێرش بكەنە سەر ئامانجە سەربازییەكانی سەر بە حزبوڵای لبنانی لە سووریا و لبنان، لەپاڵ بۆردومانی سەربازگەكانی سوپای سووریا كە حزبوڵا بەكاریان دێنێت.

بێجگە لەوەش سعوودیە بەنیازە مووشەكی زیرەك و دوورهاوێژ لە وشكانی و دەریاوە بەكار بێنێت، بەگشتی هێرشەكە ماوەی 48 سەعات دەخایەنێت و تیایدا زیاتر لە سێ هەزار ئامانج بەپێی پلانەكە بۆردومان دەكرێت. ئەو پلانەی سعوودیەش بۆ لەناوبردنی حزبوڵای لبنانی نییە، بەڵكو بۆ لاوازكردنی حزبەكە و دەستی ئێرانە لەو ناوچەیە.

سەرچاوە: سپۆتنیك




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل