كەمپینی "وەتەن چاوی لێمانە" بەردەوامە

:: PM:07:32:14/11/2017 ‌
كەمپینی "وەتەن چاوی لێمانە"، كە تایبەتە بە كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ لیقەوماوانی بوومەلەرزەكەی كرماشان لە شاری هەولێر ڕاگەیەنراوە و تا ئێستەش كارەكانی بەردەوامە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی تشرینی دووەم، فەرمان ڕەشاد ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری كەمپین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كارەكانی كەمپینی "وەتەن چاوی لێمانە"، كارەكانی بەردەوامە و بڕیاردراوە كە ڕۆژانە تا هەفتەیەك لە سەعات 10ی سەر لە بەیانییەوە تا 10ی شەو بەردەوام بێت.

زیاتر گوتی، لە كەمپینەكەدا هاوكاری مادی و پێداویستی تر كۆ دەكرێتەوە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی كرماشان كە زیانی زۆری بە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە گەیاندووە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو كەمپینە فرەوان بكەن و لە شارەكانی تریش بەردەوامی پێ بدەن، هاوكات حیسابێكی بانكیش بكەنەوە بۆ ئەو كوردانەی دەیانەوێ لە دەرەوەی وڵات هاوكاری بنێرن.

شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم بوومەلەرزەیەك ڕووی دا و چەندان ناوچەی گرتووە لە باشووری كوردستان بەتووندی لە شارۆكەی دەربەندیخانیدا و زیانی زۆری لێ كەوتەوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش كرماشان زیانی زۆری لێ‌ كەوتەوە و هاووڵاتییانی پێویستیان بە هاوكاری هەیە.

كەمپینەكە لەبەردەم پاركی شانەدەر لە هەولێر بەردەوامە.
 






وشە - سه‌رخێڵ هاشم