لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بابەتی سزادانی ئەو پەرلەمانتارە كوردانە خرایە بەرنامەی كارەوە كە لە ریفراندۆمی هەرێم بۆ سەربەخۆیی بە"بەڵێ" دەنگیان دابوو، پەرلەمانتارێكیش ئاماژە بەوە دەكات كە پەرلەمانتارە كوردەكان كۆبوونەوەیان جێ هێشتووە و ناتەواوی ڕێژەی یاسایی بووە هۆی دەنگ نەدان لەسەر سزادانی ئەوان.
سامان فەتاح، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، بەرنامەی كار چەند پڕۆژە یاسایەك بوو كە زۆر گرنگ نەبوون، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو لە بابەتێكدا پەرلەمانتارە كوردەكان هاوهەڵوێست بوون، ئەوەش زۆر گرنگ بوو.
زیاتر گوتی، ئەوەی گرنگ بوو بەلای ئێمەوە، سەرەتا لە پەرلەمان پێش كۆبوونەوە بە زۆرینەی دەنگ پرسی سزادانی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی كە دەنگیان بە ڕیفراندۆم دابوو، خرایە بەرنامەی كارەوە.
فەتاح روونی كردەوە لە كاتی دانیشتنەكەدا كە دەنگ لەسەر ئەوە دەدرا ئەو بابەتی ئەو پەرلەمانتارە كوردانە ڕەوانەی داگای فیدراڵی بكرێت، سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان هاتنە دەرەوە و هۆڵی كۆبوونەوەمان بەجێ هێشت.
هەروەها گوتی، بەهۆی هاتنە دەرەوەی ئەوانەوە نەتوانرا ڕێژەی بەشداربوونی یاسایی تەواو بكرێت و كۆبوونەوەكە تێك چوو و دووپاتی كردەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بابەتی بودجەی گشتی و پشكی كورد لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە نەبوو.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی