لە سۆران ژمارەیەك ئافرەت وەك شوفێر رێزیان لێ گیرا


لە سنووری شارۆكەی سۆران سەر بە پارێزگەی هەولێر، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئافرەتانەوە كەمی كردووە و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریش زیادی كردووە. سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری هاتوچۆ لە سۆران دەڵێت، مەبەستمان لەم خوولە گرنگیدانە بە ئافرەتان و زیادبوونی شوفێری ئافرەتە كە وەك پێویست ئافرەتانی سۆران گرنگییان بەو بوارە نەداوە.

ئەمڕۆ سێشەم، تەها مەهدی سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری هاتوچۆ لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە رێوڕەسمێكدا كۆتاییمان هێنا بە خوولێكی شوفێری كە 15 رۆژی خایاند، ئافرەتانی سۆران و رواندز توانیان سوودمەند بن و فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بن.

مەبەستمان لەم خوولە گرنگیدانە بە ئافرەتان و زیادبوونی شوفێری ئافرەتە كە  وەك پێویست ئافرەتانی سۆران گرنگییان بەو بوارە نەداوە، بۆیە خۆشبەختانە لە خوولی یەكەمدا توانرا 25 ئافرەت ببنە شوفێر، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری هاتوچۆ وای گوت.

لای خۆیەوە رائید دلاوەر لەتیف گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بە پێی چاودێری ئێمە و رەچاوكردنی شوفێری، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئافرەتانەوە كەمی كردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر و بەر لە هەبوونی تەنگەژەی داراییدا.

ئەمە لە كاتێكدایە دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لەلایەن ئافرەتانەوە زیادی كردووە، گوتەبێژی هاتوچۆی سۆران لەو بارەیەوە، ئاماژەی بەوە دا، ساڵی 2005 بەشی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران كراوەتەوە و لەو ماوەیەدا،  بە گشتی 64 هەزار و 350 مۆڵەت بە سەرجەم جۆرەكان بۆ هاووڵاتییان دەرهێندراوە، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا ئافرەتانی دەڤەری سۆران تەنیا شەش هەزار و 210 مۆڵەتییان دەرهێناوە، هاوكات، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو لە سۆران و دەورووبەری 316 ئافرەت مۆڵەتی شۆفێریان پێ دراوە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:11:10:14/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 1736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌