‌داهێنانێك پێشوەخته‌ توشبوون بە شێرپەنجەی پێست ئاشكرا دەكات

:: PM:11:15:14/11/2017 ‌
ژمارەیەك قوتابى لە  زانكۆی ماكم لە كەنەدا پڕۆژەی دروستكردنی ئامێرێكی نوێیان نمایش كرد، بەهۆیەوە دەتوانرێت سەرەتای قۆناغی توشبوون بە شێرپەنجەی پێست دیاری بكرێت پێشووه‌خته‌.

ئامێرەكه‌ ناونراوه‌ "The sKan"، دەستنیشان كراوە بۆ ئەوەی ببێتە براوەی خەڵاتی "جێمس دایسۆن" بۆ گەشەپێدانی زانستی، چونكە توانای دەستنیشانكردنی شێرپه‌نجه‌ى پێستی هەیە لە قۆناغە سەرەتاییەكانی  توشبوون بە شێرپەنجەی پێستدا، ئەم ئامێرە هێندە ورد كار دەكات توانای دەستنیشانكردنی بچووكترین جیاوازی گەرمییەكانی جه‌سته‌ى هەیە لە نێوان خانەكانی پێستدا.

زاناكان پێشبینی ئەوە دەكەن ئەم ئامێرە نوێیە جەماوەر و بەكارهێنەرێك زۆری هەبێت لە بواری پزیشكیدا و تێچووی ئەم ئامێرە 1300 دۆلارە.

جێگەی ئاماژە پێدانە كۆمەڵێك لە زانكۆ و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان لەم ساڵانەی دوایدا گرنگی زۆر دەدەن بە تەكنەلۆجیا بۆ دیاریكردنی پێشوەختی توشبوون بە شێرپەنجە و ماوەیەكیش بەر لە ئێستە كۆمەڵێك لە زاناكان لە زانكۆی واشنتن لە ئەمەریكا پڕۆگرامێكی نوێیان دروستكرد كە پشت دەبەستێت بە وێنەی سێڵفی بۆ دیاریكردنی نیشانەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی پەنكریاس ئەویش لەڕێی دیاریكردنی زەردی ڕەنگی چاو و ده‌ماره‌كانى خوێنبه‌رى چاودا.

شێرپەنجە بە نەخۆشیی ترسناک ناسراوە، شێرپەنجە ساڵانە زۆرێک لە خەڵک دەکوژێت لە ھەموو جیھان، بەڵام ھەوڵێکی دڵخۆشکەر ھەیە، چەند ملیۆن لە خەڵکی شێرپەنجەیان ھەیە و ھێشتاش دەژین.

شێرپەنجە نەخۆشی نییە، زیاتر لە ١٠٠ جۆری جیاواز دەگرێتەوە کە ھەموو بەشەکانی لەش ئەگەری تووشبوونیان ھەیە پێیەوە لە هەموو لەشی مرۆڤێکدا هەیە، بەڵام ھەموو جۆرەکانی شێرپەنجە یەک سیفەتی وەک یەکیان ھەیە ئەویش بریتییە لە ئەو خانەیەیەی کە تووشی شێرپەنجە دەبێت کۆنتڕۆڵیان لە دەست دەدەن.

ھەموو بوونەوەرێکی زیندوو لە چه‌نده‌ها ملیۆن خانە پێکھاتووە، لەشی مرۆڤێکی پێگەیشتوو نزیکەی سی ترلیۆن خانەی ھەیە، خانەکان زیاد دەبن بە دابەش بوون، لە لەشی ھەر مرۆڤێکی پێگەیشتوو لە ھەر خولەکێک ٢٥ میلۆن خانە دابەش دەبن، ئا بەم شێوەیە لەش خۆی سارێژ دەکات.

ھەندێک جار خانەیەک لە ژێر کۆنتڕۆلی لەش دەردەچێت و بەردەوام دابەش دەبێت بە زۆری، ئەمە پێی دەوترێت شێرپنجە یان "خانەی ناتەندروست" کە بەبێ کۆنتڕۆڵ، گەشە و زیاد بوون دەکات کە پێیان دەوترێن خانەی شێرپەنجەیی.

شێرپەنجەی پێست چییە؟

شێرپەنجەی پێست یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان کە دووچاری مرۆڤەکان دەبێتەوە لەھەر تەمەنێک یاخود ڕەگەزێک و چەندین ھۆی ھەیە، لێرە باسی دەکەین.

نەخۆشی شێرپەنجەی پێست کە دووچاری مرۆڤەکان دەبێتەوە وەکو خۆ دانەبەر تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر و قەڵەوی و جگەرە کێشان و ھەروەھا بۆماوەیی.

شێرپەنجەی پێست چەندین نیشانەی ھەیە کە باوترینیان ئەمانەن:-

*درووست بوونی خاڵ لە پێست یاخود گۆڕانکاری لە خاڵە کۆنەکانی سەر پێستت کە نیشانەیەکی گەورەیە بۆ تووشبوونت بە نەخۆشی شێرپەنجەی پێست.

*دەرکەوتنی گرێ لە پێست.

*سووربوونەوە و خورانی چەند شوێنێکی پێست بە شێوەیەکی بەردەوام.

*دروستبوونی چەوری لە پێست و ھەوکردنی.

*دەرکەوتنی چاڵ لە جەستە.

*چاک نەبوونەوەی برینەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

شێرپەنجەی پێست چەندین جۆری ھەیە و چارەسەری ئاسانە ئەگەر ھاتوو لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشییەکە بەدی کرا بە لابردنی ئەو شوێنەی کە گرێی لێیە یاخود لێکردنەوەی ئەو پارچەیەی کە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بووه‌تەوە و بە شێوەیەکی یەکجاری ڕزگارت بێت لە نەخۆشییەکە بەڵام ئەگەر ھاتوو لە لە قۆناغێکی پێشکەوتوو بوو ئەوا پێویستە نەخۆشەکە بە چارەسەری تیشک یاخود بە نەشتەرگەری ئەنجام بدات.

سه‌رچاوه‌: aksalser


وشە - محەمەد میران