كچێكی هەرزەكار بە پێنج ژمارەی جیاواز پێوەندی لەگەڵ چەندین كوڕدا هەیە

:: PM:11:49:14/11/2017 ‌

كچێكی مێردمنداڵ كە لە قۆناغی ١١ ئامادەییە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر، دەڵێت بە پێنج ژمارەی جیاواز پێوەندی لەگەڵ چەندین كوڕدا هەیە و دەڵیت تەنیا كاتیان لەگەڵ بەسەر دەبات، ئەو دەڵێت بووەتە قوربانی كارەكانی دایكی، چونكە دایكی چەند پێوەندییەكی جیاوازی هەیە بە ئاشكرا، ئەویش بە دوای هەنگاوەكانی دایكیدا دەڕوات و لە چۆنیەتی ژیانی خۆی ڕازییە و دەڵێت من بە ئاشكرا دەیكەم، بەڵام كجی تر بە نهێنی و كاری خراپتریش.

دەیەوێت بە (زارا) ناوی بنووسرێت، ئەو لەگەڵ دایكی و براكەیدا دەژیت، دەڵێت دوای مردنی باوكی، دایكی لە یەكێك لە كۆمپانیا ئەهلییەكاندا دەستی بە كار كردووە، لەگەڵ كارەكەیدا چەند كەسی جیاوازی ناسیوە و پێوەندی لە نێوان دایكی و چەند پیاوێكدا دروست بووە، ئەو جۆرە پێوەندیانەی دایكی بەردەوام دەبێت و (زاراش) ماوەی زیاتر لە ساڵێكە پێوەندی لەگەڵ چەند كەسی جیاواز داناوە و ئێستەش بەردەوامە، (زارا) چیڕۆكی خێزانەكەی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت من نە بۆ دەسكەوتنی پارە و نە هیچ شتێكی تر، بەڵكو ئەو كەسانە پێوەندیان لەگەڵدا دەنێم بە ئارەزووی هەردوولامانە و بۆ بەسەر بردنی كاتی خۆشە.

لەگەڵ باوكێكی پیر و دایكێكی گەنجدا دەژیام، تەمەنم بوو بە 12 ساڵ و براكەشم چوار ساڵ كاتێك باوكمان كۆچی دوایی كرد، ئەوكات لە دەرەوەی هەلێر دەژیاین، دواتر هاتینە هەولێر و سەرەتا لە ماڵی برای دایكم ژیاین، بەڵام دوای ساڵیك لەوێ رۆیشتین بە هۆی كێشەی دایك و خاڵۆژنم، دواتر ماوەیەك لە ماڵی خوشكی دایكم و لە كۆتاییدا دایكم بڕیاری دا بە تەنیا بژین.

ژیانێكی ئاسودە و دوور لە كێشەمان دەست پێكرد لە ماڵی خۆماندا، دایكم پێوەندی لەگەڵ براكەی زۆر باش نییە، چونكە ئەو نە خەرجیمان دەكێشیت و نە دەتوانێت سەرپەرشتیمان بكات، بۆیە دایكم تەنیا پشتی بە خۆی بەستووە، بێگومان ئەو پیاوانەی كە دەبن بە خۆشەویستی یارمەتی مادی زۆری دەدەن.

(زارا) باس لەوە دەكات، دوای جیابوونەوەیان لە مالی خاڵی و پووری، دایكی بە ئاشكرا خۆشەویستەكەی دەهێنایە ماڵەوە و بەیەكەوە  وەك خێزان سەفەریان كردووە، بەهۆی هەڵسوكەوتی دایكی و ئەو شوێنانەی كە لەگەل دایكی و ئەو پیاوانەدا دەچوو كە بەناو خۆشەویستی دایكین، تیكەڵی دنیایەكی جیاواز بووە، ئەوانەش ڕێگەخۆشكەر بوون بۆ ئەوەی چەند كوڕێك بناسێت و پێوەندیان لەگەڵدا دابنێت، باس لەوەش دەكات دانیشتن لە سەر مێزە گەورەكان، كەسی گەورە و ساماندارت پێ دەناسێنێت.

(زارا)، ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەی دایكی پێوەندی لەگەڵیاندا هەیە خاوەن كاری باش و سەرمایەدارن، هەر بۆیە ئەویش هەر لەگەڵ ئەو كوڕانەدا پێوەندی دادەنێت كە خاوەن سەرمایەن، دەڵێت لە ڕیگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی "سناپ چات و ئینستگرامەوە"، زۆرترین كوڕە بەناوبانگەكانی ناسیوە و پێوەندی لەگەل داناون، دەشڵێت بە پێنج ژمارەی جیاواز قسەیان لەگەڵدا دەكات و چەندین "سناپ و ئینستگرام"ی جیاوزی بە ناوی جیاوزەوە هەیە.

ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا زۆر جار ژمارە و سناپی كوڕە سەرمایەدار و دیارەكان دەگۆڕنەوە، دەڵێت نە خۆی نە هاوڕێكانی هیچ زیانێكیان بۆ هێچ كەس نییە، تەنیا ئەوەی دەیكەن ژیانی كچایەتی خۆیانە كە ئێستە زۆربەی زۆری هاوتەمەنەكانیان ئەگەر بە ئاشكراش نەیكەن، لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەناوی خوازراوەوە دەیكەن، دەشڵێت ئەوەی زارا و هەندێك لە هاوڕێكانی جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە باری خێزانیان گونجاوترە تا بە ئاشكرا ئەو كارە بكەن.

دایكی زارا تەمەنی ٤٠ ساڵە و لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لەلایەن خێزانەكەیەوە بەزۆر بە شوو دەدرێت بە پیاوێكی ٥٠ ساڵ ، زارا دەڵیت هەمیشە دایك و باوكی لە كچ و باوك دەچوون نەك ژن و مێرد لە ڕووی شێوە و تەمەنیشیانەوە، ئەو بە تووندیش ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە دایكی هیچ كارێكی هەڵە بكات بە هەبوونی پێوەندی فرەوانی لەگەل پیاواندا، دەڵیت ئەوەی زارا و دایكی بە ئاشكرا دەیكەن،  ژن و كچەكان ئێستە دەیكەن بەڵام بە نهێنی، ئاماژەش بەوە دەكات، ئەوەی خێزانەكەی بەو ڕۆژە گەیاندووە ئەو ستەمە گەرە بووە كە پێش چەند ساڵێك ماڵی باپیرانی بەرامبەر دایكی ئەنجامیان داوە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل