سەرەتای 2018 جەنگی گەورە دەست پێ دەكات
ئەمەریكا چەكی قورس و زۆر بە پێشمەرگە دەدات

:: AM:10:33:15/11/2017 ‌
جەنەراڵێكی پێشووی سوپای عێراق ئاشكرای كرد، ئەمەریكا لە 2018 چەكی قورس و زۆر بە پێشمەرگە دەدا و شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروست دەكات و لە كۆتاشدا پێشمەرگە بەسەر میلیشیاكان سەردەكەوێت.

جەنەراڵی خانەنشینكراوی عێراق سوبحی نەزیم كە ماوەی 35 ساڵ لە ڕیزی سوپای عێراق كاری كردووە دەڵێ، ئەمەریكا چەكی زۆر زیاتر بۆ پێشمەرگە دەنێرێت و هەوڵی دەست پێكردنی جەنگ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەدات لە مانگی شوبات/فێبرایەر یان ئادار/مارسی 2018، سەرەتایش ئەمەریكا پێشمەرگە و سوپای عێراق ناچار دەكات شەڕی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بكەن، ململانێی نوێی ناوچەكە كە ئەمەریكا پلانی بۆ داناوە، هاوسەنگی هێز دروست دەكاتەوە، گرفت و ئاڵۆزی گەورەیش لە وڵاتانی ناوچەكە بەرپا دەكات، بە تایبەتی لە قەتەر و یەمەن و بەحرێن.

هەروەها گوتی، پنتاگۆن دوای ڕووداوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنی میلیشیاكان بۆ كەركووك، ستراتیجیی خۆی بەرامبەر بە عێراق دەگۆڕێ، سەرەتای گەردەلوولەكەیش لە وڵاتانی كەنداو دەست پێ دەكات و ئەنجامی كۆتایش لە بەرژەوەندی ئەمەریكا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی كۆتایان پێ دێ، بەڵام بەلایەنی كەمەوە شەڕ و ئاڵۆزییەكان پێنج ساڵ دەخایەنن و تا 2023 بەردەوام دەبێ.

لەبارەی عێراقەوەیش ناوبراو دەڵێ، ئەمەریكا و ئیسرائیل قبووڵی ناكەن ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر ڕووی دا بەردەوام بێ، ئەوان لە ساڵی نوێ دەستوەردانی تر لە عێراق دەكەن، چونكە ئێستە ڕەنگە عێراق خۆی بە سەركەوتوو بزانێ، بەڵام ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا و ڕووسیا پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق و میلیشیاكانی شیعەیان وەستاندووە و ڕووسیاش ڕۆڵی گەورە لەو ڕووەوە دەگێڕێت.

سەرچاوە/یەنی شەفەق.




وشە - باز ئه‌حمه‌د