ئێران گورزێكی گەورەی لە توركیا و ئەمەریكا وەشاند
نەوتی كەركووك باشترین دەسكەوتی تاران لە پەلاماردانی كوردستان

:: PM:12:08:15/11/2017 ‌
نەوتی كەركووك بە گەورەترین و باشترین دەستكەوتی ئێران دادەنرێ، لە دەستوەردان و پەلاماردانی كوردستان بە بیانووی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە ڕۆژانە لە ڕێی بارهەڵگرەكانەوە نەوتی خام بە سێ هێندەی پێش 16ی ئۆكتۆبەر نەوت بۆ ئێران دەڕوات، ئەمەیش بە گورزێكی كوشندە دادەنرێ كە ئێران لە توركیا و ئەمەریكای وەشاند.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، پێش 16 ئۆكتۆبەر بردنی نەوتی خامی كەركووك بۆ ئێران، ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستە بۆ 60 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بڕەكەی بەرز بووەتەوە و هەریەك لە بەغدا و ئێرانیش سوورن لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەی دانانی بۆڕی نەوت لە كێڵگەكانی نەوتی كەركووكەوە بۆ كرماشان، بە جۆرێك بۆڕییەكە لە توانایدا دەبێ ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئێران بگوازێتەوە، ئەمەیش بە جێگرەوەی پڕۆژەی ئێستە دێ، كە نەوتی ئەو ناوچانە دەبرێنە بەندەری جەیهانی توركیا، بۆیە چاودێران ئەمە بە گورزێكی گەورەی ئێران لە توركیا هەژمار دەكەن، كە توركیا دەیویست ببێتە سەنتەری گواستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا.

ئاماژەی داوە، جیا لە لێدان لە بەرژەوەندییەكانی توركیا، ئەمە شكستێكی تەواوەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایشە كە ئامانجیەتی ڕێ لە نزیكبوونەوەی زیاتری نێوان عێراق و ئێران بگرێت، بەڵام قاسم سولەیمانی دەسكەوتێكی گەورەی بە دەست هێنا.

ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆك وەزارەتی عێراق لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دوێنێیدا، دەستی بە زیادكردنی فشارەكان كرد بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دووپاتی لەوە كردەوە، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جووڵە دەكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان، چیتر چاوەڕێ نابین و دەست بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەكەین، داوا لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش دەكەم، ئەو بابەتە بە خێرایی یەكلا بكەنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د