پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە رۆناڵدۆوە بۆ میسی: من خەڵاتی باڵۆن دۆرم بردووەتەوە

:: PM:01:37:15/11/2017 ‌

هەردوو ئەستێرەی یەكەمی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی پاڵێوراوی یەكەمی خەڵاتی باڵۆن دۆڕن وەك باشترین یاریزانی 2017ی جیهان لەنێوان 30 یاریزانی پاڵێوراودا.

رۆژنامەی (دۆن باڵۆن)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ ركابەرەكەی میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە كردووە و پێی راگەیاندووە كە ئەو خەڵاتی باڵۆن دۆڕی ئەمساڵی بەدەستهێناوە.

وەڵامی میسیش پیرۆزبایكردن بووە بەبۆنەی بەدەستهێنانی پێنجەمین خەڵاتی باڵۆن دۆڕ و هاوتاكردنی لەگەڵ ژمارە پێوانەییەكەی ئەو.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وێنەیەكی كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی بڵاو ببووەوە و تێیدا دەركەوتبوو میسی خەڵاتەكەی بردووەتەوە.

بەڵام كۆوارەكە كە سپۆنسەری سەرەكی دابەشكردنی خەڵاتەكە دەكات، تا ئێستا بەفەرمی براوەی  خەڵاتەكەی ئاشكرا نەكردووە و بڕیاریشە رۆژی 7ی مانگی داهاتوو لە ئاهەنگێكدا ناوی براوە رابگەیەنێ.

جێی باسە رۆناڵدۆ مانگی رابردوو بۆ دووەمساڵ لەسەریەك خەڵاتی باشترین یاریزانی 2017ی جیهانی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا)ی بردبووەوە، هەروەها پارساڵیش خەڵاتی باڵۆن دۆڕی بەدەستهێنابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م