دوای بوومەلەرزە گەورەكە 230 بوومەلەرزەی تر له كوردستان رووی داوە

:: PM:02:38:15/11/2017 ‌

پلەكانی گەرمی لە رۆژهەڵاتی ئێران دابەزیون و لە سفر نزیك كەوتوونەتەوە، زۆر لەو خەڵكەش كە ماڵەكانیان بەهۆی بوومەلەرزە وێران بووە، بە بێ هیچ پەناگەیەك لە نزیك خانووە وێرانەكان رۆژیان كردەوە. بەشێكیش لە نێو ئەو خێوەتانە مانەوە كە پێیان دراوە و خەڵكێكیش هەبوون هەر لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیان رۆژیان كردەوە.

بەهۆی بوومەلەرزەكەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم، نزیكەی ٤٥٠ كەس گیانیان لە دەست دا و سەرووی نۆ هەزار كەسیش بریندار بوون.

هێشتا بە وردی دیار نییە چەند كەس گیانیان لە دەست داوە، چونكە خەڵكێك لە ژێر خانووە رووخاوەكان ماون و دیار نییە ئەوانە زیندوون یان نا و تیمەكانیش نەیانتوانیوە دەستیان بە هەموو ئەو شوێنانە رابگات كە بوومەلەرزە وێرانی كردوون.

لە دوای بوومەلەرزە بەهێزەكە، ٢٣٠ بوومەلەرزەی تر لە ناوچەكە رووی داوە كە تەنیا چەند دانەیەكیان هەست پێ كراون و ئەوانەی تر تەنیا تۆمار كراون و خەڵك هەستیان بە روودانی نەكردووە. 

فەرهاد تەجەری نوێنەری قەسری شیرین لە پەرلەمانی ئێران گلەیی لە بەرپرسانی حكوومەت كردووە كە بە باشی بە خەڵكی لێقەوماو رانەگەیشتوون  و بە تایبەت دەشتی زەهاو بە تەواوی فەرامۆش كراوە.

خەڵك بۆ میدیاكان گوتوویانە رەوتی گەیشتنی یارمەتییەكان زۆر سستە و بە تایبەت ئەو گوندانەی دوورەدەستن، هیچ یارمەتییەكیان پێ نەگەیشتووە و پێویستیان بە یارمەتییە سەرەتایییەكان هەیە.

رێكخراوی مانگی سووری ئێرانیش بڵاوی كردەوە، دەستیان بە ٩٠%ی ئەو شوێنانە راگەیشتووە بوومەلەرزە زیانی پێ گەیاندوون و ١٠%یش ماوە تا یارمەتییەكانیانی بۆ رەوانە بكەن.

ئەوەی تا رادەیەك هاوكار و یارمەتی بووە بۆ خەڵكی زیانلێكەوتوو، بریتییە لەو یارمەتییانەی خەڵك لە رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان كۆی دەكەنەوە. 

هەر بە هۆی بوومەلەرزەكەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەمی رابردوو لە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەرووی ١٢ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە تەواوی رووخاون و سەرووی ٣٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی تریش زیانیان بەركەوتووە.

دوێنێ سێشەمیش حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای كرماشان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە كاریگەرییەكانی ئەو بوومەلەرزەیە ببینێت.

ئەو گوتی دامەزراوەی نیشتەجێبوون بەرپرسیارە لەوەی خانوو بۆ خەڵك دابین بكات و سەرجەم دەزگەكانی تر و تەنانەت خێرخوازانیش دەبێت لە رێی ئەو دامەزراوەیەوە هەوڵی یارمەتیدانی خەڵك و نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكان بدەن. ئەو بەڵێنی داوە حكوومەتی پێشینەی بێ بەرامبەر بە خەڵك بدات بۆ ئەوەی خەڵكیش دەست بە ئاوەدانكردنەوەی خانووەكانیان بكەن.

لە لایەكی ترەوە موحسین رەزایی سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم گوتی، ئەگەر هەر یەكەیەكی نیشتەجێبوون بڕی ٣٠ ملیۆن تمەن یارمەتی بدرێت، ئەوا بە گشتی حكوومەت پێویستی بە هەزار ملیار تمەن هەیە كە بە دۆلار دەكاتە نزیكەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار.

لە سەرپێل زەهاو زۆرێك لە باڵەخانەكان وێران بوون و زۆربەی ئەو باڵەخانانەش كە زیانیان پێ گەیشتووە، هی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەیە كە بە مێهر ناسراوە و لە سەردەمی مەحموود ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بنیات نراون.

بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەكان، ١٥٠ ملیۆن كەس لە ناوچەكە هەستیان بە بوومەلەرزەكە كردووە. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەی خەمڵاندووە كە لە بازنەیەكی شوێنی بوومەلەرزەكە بە نیوەی تیرەی ١٠٠ كیلۆمەتر، ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار كەس دەژین.

زۆر لە باڵەخانە و خانووەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كەرپووچ دروست دەكرێن و ئەمەش لە بەرامبەر بوومەلەرزەدا بەهێز نییە.

ئەو بوومەلەرزەیەی لە كرماشان رووی دا، یەكێكە لە بەهیزترین ئەو بوومەلەرزانەی لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا لەو پارێزگایە رووی دابێت. لە هەرێمی كوردستانیش بیری خەڵك نایەت هەستیان بە بوومەلەرزەیەكی ئاوا بەهێز كردبێت.

لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا هەست بە بوومەلەرزەكە كرا و هەولێر كە بە سەدان كیلۆمەتر لەو ناوچەیە دوورە، گوڕی بوومەلەرزەكە ئەوەندە بەهێز بوو كە بەهۆیەوەی هەندێك بینا درزیان بردووە. لە گەڕەكی تەعجیل كە گەڕەكێكی كۆنە خانوو رووخاوە. لە كاتی بوومەلەرزەكەش تەواوی خەڵكی هەولێر لە ترسدا ماڵەكانیان بەجێ هیشت و چوونە دەرەوەی ماڵەكانیان و تا درەنگانێك لە دەرەوە مانەوە.

زیانەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە دەربەندیخان هەبووە و بەهۆیەوە چەندان ماڵ و باڵەخانە رووخاون و لە هەموو هەرێمی كوردستانیش هەشت كەس گیانیان لە دەست دا. یەكێك لەو زیانانەش كە دیار و بەرچاو بووە، ئەو زیانەیە كە بە بەنداوی دەربەندیخان كەوتووە.





وشە - سلێمان تاشان