پێدانی قەرزی بچووك دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: PM:03:57:15/11/2017 ‌
وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەنیازە بۆ ساڵی 2018 دەست بكاتەوە بەپێدانی قەرزی بچووك بە گەنجان و لاوان، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوێكیان ئامادە كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تشرینی دووەم، هەمزە زێوەیی گوتەبێژ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەندامانی لیژنەی تایبەت بە تاوتوێكردنی پێشنیار و داواكارییەكانی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بەڕێوە چوو.

گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەو لیژنەیەی كۆبوونەوە دوای گفتوگۆكردنی پڕۆژەی قەرزی بچووك كە داوا كراوە لە ساڵی نوێ لە هاووڵاتییان وەربگیرێتەوە، بۆیە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران كرا كە لەگەڵ وەرگرتنەوەی قەرزی بچووك پێدانی قەرز بچووك بەلاوان دەست پێ بكاتەوە بەجۆرێك ئەو قەرزەی لای هاووڵاتییانە كە وەردەگیرێتەوە، بخرێتە ژمارەیەكی بانكی تایبەت و بەپێی رێنوێنی جارێكی تر بەسەر لاوان دابەش بكرێتەوە.

زێوەیی ئاشكرای كرد پێشتر داوا كرابوو ئەو پارەیە بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێنرێتەوە، بەڵام ئێستە بۆچوونەكان جیاواز بوونە، دوای داواكردن لە ئەنجوومەنی وەزیران كە ئەو پارەیە لە ساڵی 2018 لەو كەسانە وەربگیرێتەوە و بەو هاووڵاتییانە بدرێتەوە كە داوای قەرزی بچووكیان كردبوو.



وشە - رامیار جەواد