بە داتا مەترسییەكانی سەر كورد لە بودجەی 2018ی عێراق ئاشكرا كرا

:: PM:04:11:15/11/2017 ‌
لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، كەموكوڕییەكانی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2018ی عێراقی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تشرینی دووەم، لیژنەی كاروباری دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان ڕاپۆرتێكی ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە كەموكوڕییەكانی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2018ی تێدا دیاری كراوە و داواش دەكەن كە پشكی هەرێم بكرێتەوە بە 17%.

لە ڕاپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، كۆی بودجەی تەرخانكراو بۆ هەرێمی كوردستان بریتییە لە شەش ترلیۆن و 800 ملیار دینار كە دەكاتە لەسەدا شەشی كۆی بودجەی عێراق، لەكاتێكدا كە حكوومەتی عێراق چەند رێژەی سەروەری زیاد بكات، ئەوەندە بودجەی هەرێم كەم دەكاتەوە كە ساڵانە بودجەی سەروەری عێراق زیاد دەكات، بۆ نموونە ساڵی 2011 لە سەتا 22ی كۆی بودجە بووە، بەڵام لە 2018 بودجەی سەروەری گەیشتووەتە لە سەتا 40.

لە ڕاپۆرتەكەدا ڕوون كراوەتەوە كە 17%ی بودجە بۆ هەرێم لە دوای دەركردنی بودجەی سیادی عێراق، دەكاتە 11 ترلیۆن دینار و مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بریتییە لە 35 ترلیۆن دینار، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بریتییە لە دوو ترلیۆن و 400 ملیار دینار كە دەكاتە رێژەی 7%ی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق.

یەكێكی تر لەو مەترسییانەی لەسەر ڕەشنووسی بودجە هەیە، ئەوەیە كە ئەگەر داهات لە بودجەی گشتیی زیاد بكات، بەشی هەرێم زیاد ناكات، بەڵام ئەگەر كەم بكات، ئەوا بەشی هەرێم كەم دەكات و ساڵی 2018  حكوومەتی عێراق چوار ملیار دۆلار قەرزی نێودەوڵەتی وەردەگرێت كە پێویستە بەگوێرەی رێژەی لە 12% 500 ملیۆن بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام تەنیا 55 ملیۆن بەهەرێم دەدات.

باس لەوەیش كراوە كە زۆر لە خەرجی ئاسایی كراوە بە خەرجی سەروەری، بۆ ئەوەی لە دانەوەی قەرزەكاندا هەرێمیش بەشدار بێت، بۆ نموونە ترلیۆنێك و پێنج سەت ملیار قەرزی بەڵێندەران كە خەرجی ئاسایییە، كراوە بە خەرجی سەروەری، بەشی بەڵێندەرانی هەرێمیش دیاری نەكراوە و 4.8% مووچەی خانەنشین و فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕن بۆ دابینكردنی پێداویستی پێشمەرگە.

هاوكات ڕوون كراوەتەوە كە مووچەی پێشمەرگە دیاری نەكراوە، تەنیا بڕێك خەرجی هێزی پیادەی عێراق تەرخان دەكرێت بۆ پێشمەرگە لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان، لەكاتێكدا حەوت ترلیۆن و500 ملیار دینار بۆ مووچەی حەشدی شەعبی و هێزی بەرگری عێراق تەرخان كراوە و بڕی سێ‌ ملیار دینار تەرخان كراوە بۆ كارەبا، لەو بڕە تەنیا 36 ملیۆن بۆ هەرێم دانراوە كە دەكاتە رێژەی 1%.

لە كۆتادا ئاماژە بەوەیش كراوە كە 13 ملیار بۆ پێشخستنی كەرتی نەوتی عێراق دیاری كراوە، هیچ پارەیەك بۆ هەرێم تەرخان نەكراوە و 400 ملیار بۆ بودجەی پەترۆدۆلاری پارێزگاكانی عێراق تەرخان كراوە، هیچ پەترۆدۆلارێك بۆ هەرێم دیاری نەكراوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم