پڕۆژەیەك بۆ كەمكردنەوەی بە فیڕۆدانی وزەی كارەبا جێبەجێ‌ دەكرێت

:: PM:04:52:15/11/2017 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت ڕێگە لە بەفیرۆدانی كارەبا بگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش گرێبەستێكی  واژوو كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سیستەمی كارەبای هەرێم و كەمكردنەوەی بە فیڕۆدانی وزەی كارەبا.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تشرینی دووەم، بە پێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستێك لە نێوان بریكاری وەزارەتی كارەبا و نوێنەری كۆمپانیای "ئۆسكۆم"ی توركی واژوو كراوە كە ناوی  گرێبەستی "مینی سكادا"یە.

لە ڕاگەیەنراوەكە ڕوونكراوەتەوە كە هۆگر شاڵی، بریكاری وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكرێت و ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی سیستەمی كارەبا و كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا و كێشەی كەوتنی یەكەكانی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا هەیە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا زیاتر هاتووە، پڕۆژەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردن و رێكخستنی سیستەمی كارەبایە لەسەر قەرزی جایكای ژاپۆنی بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیۆن و نیو یۆڕۆ، لە رۆژی دەستبەكاربوونی پرۆژەكەوە تا نۆ مانگ جێبەجێ دەكرێت و پێوەندی نێوان 11 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا و 12 وێستگەی گۆڕینی كارەبا رێك دەخات.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم