كورتە فیلمی "سەگی برسی"، لە نووسین و دەرهێنانی ڕاژان عەزیز لەلایەن ئێران و توركیاوە ڕێگە بە بەشداریكردنی نادرێت لە فێستیڤاڵە سینەماییەكانیان و قەدەغەیان كردووە، بەهۆی بەكارهێنانی وێنەی بەشێك لەسەركردەكانی ئەو وڵاتانە.
لە نوێترین بەشداریدا لە فێستیڤاڵی فیلمی "ڕۆژئاوا" و فێستیڤاڵی فیلمی "12 مانگ" لە هۆڵندا و فێستیڤاڵی فیلمی "تەهارقا" لە سوودان بەشداری دەكات، لەبارەی هۆكاری قەدەغەكردنی فیلمەكەی لەو وڵاتانە و مەترسییەكانی، راژان عەزیز له پێگهى تایبهتى خۆی له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك نووسیویهتى: " وەك دەرهێنەر ویستوومە كار لەسەر بابەتێك بكەم واقیعە و بوونی هەیە، دەشزانم خەڵكانێك هەن لە ناوخۆی كوردستان و وڵاتانی دەورووبەر نایانەوێت بڕوا بەم ڕاستییە بكەن و بە بەردەوامی لە ڕێگهی ژمارەی نەناسراو تۆرە كۆمەڵایەتییەكانهوه و رێگهكانی ترهوه هەڕەشەم لێ دەكەن و تەنانەت ئێسته ناتوانم بەهۆی ئەو كارەوە بچمە بەشێك لەو وڵاتانەی وێنەی سەرۆكەكانیم وەك سیمبولی پشتیوانی لە داعش بەكار هێناوە".
راژان زیاتر دەڵێت: "بەڵام من باوەڕم بەوە هەیە كە كردوومە ئەگەر بە لەدەستدانی ژیانیشم بێت و بەردەوام دەبم لەسەر كارەكانی خۆم و خۆشحاڵم فیلمەكەم بەردەوامە لە بەشدارییە نێودەوڵەتییەكان و لە فێستیڤاڵەكان پێشوازی لێ دەكرێت".
سینەماكاری لاوی باشووری كوردستان (راژان عەزیز)، وەك دەرهێنەر خاوەنی چەند فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری و داستانییە و دوایین پرۆژەی كورتە فیلمی سەگی برسی بوو، ڕاژان لەم كورتە فیلمەیدا دەیەوێت باس لە مەترسییە ههرێمییهكان بكات بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە ڕێگەی ئێران و توركیا و سووریا و بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و لە رێگەی پێشاندانی چەند وێنەیەكی سەركردەی وڵاتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەوان خولقێنەری داعش و ناردنیان بوون، وەك مەترسییەك بۆ سەر باشووری كوردستان، بەهۆی ئەم فیلمەوە راژان لە دوایین سەفەری خۆی بۆ وڵاتی ئێران بە مەبەستی بەشداریكردن لە ۆركشۆپێكی سینەمایی كە لەلایەن ئەنجوومەنی سینەما جەوانی (سنۆبهر) ڕێكخرابوو لەلایەن ئیتلاعاتی ئێران لە بازگەی سەرپل، دهگیرێت و دەست بەسەر كۆمپیوتەرەكەیدا دەگیرێت و دوای ماوەیەكی زۆر لە لێكۆڵینەوە ئازاد دەكرێت، ئێستهش بەهۆی هەمان فیلمەوە لەلایەن گرووپێكی نەناسراوهوه كەتووهتە بەر هەڕەشە.