كێسنجەر: ترەمپ كاردانەوەیە لە بەرامبەر هێرشەكان بۆ سەر ئەمەریكا

:: PM:03:51:12/11/2016 ‌

هێنری كێسنجەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو و وەزیری دەرەوەی پێشوو و سیاسەتوانی دێرینی ئەمەریكا، لەبارەی هاتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات رای گەیاند كە پێشبینی بردنەوەی هیلاری كردووە و دەركەوتنی دیاردەی ترەمپیش كاردانەوەیە لە بەرامبەر هێرشكردنە سەر بەها هزری و ئەكادیمیایییەكانی ئەمەریكا. 

پێش یەكلابوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بە چەند مانگێك، چەندان وتوێژی شیكاری لەگەڵ كێسنجەر لەوبارەوە و پرسی تریش وەك رۆڵی ئەمەریكا لە دنیا ئەنجام درا، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان و بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و بوونی بە سەرۆكی ئەمەریكا كێسنجەر دووبارە بۆچوون و پێشبینییەكانی خۆی دەبڕی و رای گەیاند، پێشبینی دەكەم كە هەمووان بەتایبەتی وڵاتانی زلهێز بەر لە دەربڕینی هەڵوێستیان جوان بیر بكەنەوە.

سێشەمی هەفتەی رابردوو ركابەری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ كاندیدی پارتی كۆماری و هیلاری كلنتن كاندیدی پارتی دیموكرات بەڕێوە چوو، لەو هەڵبژاردنە ترەمپ توانی بە 290 دەنگ بیباتەوە و ببێتە 45مین سەرۆكی ئەمەریكا كە بڕیارە لە 20ی كانوونی دووەمی داهاتوو بە فەرمی پۆستەكە وەربگرێت.

دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە بردنەوەی ترەمپ كە جیا لە ئەمەریكا هەموو دنیای تووشی تاسان كرد، كێسنجەر رای گەیاند كە پێشبینی دەكات وڵاتانی زلهێز جوان تاوتوێی بردنەوەی ترەمپ بكەن، ئەو پێشبینی دەكات كە داعش لە رێگەی هێرشەكانی ترەمپ تاقی بكاتەوە بۆ زانینی كاردانەوەی لە بەرامبەریدا. 

كێسنجەر لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە تاسانی خۆی راگەیاند و ئاماژەی كرد كە پێشبینی بردنەوەی هیلاری كردووە، بەڵام نابێت گومان بخرێتە سەر توانست و رژدی ترەمپ و پێویستە هەلی بۆ بڕەخسێت بۆ پێشخستنی فەلسەفەكەی.

لەبارەی رۆڵی ئەمەریكا لە سایەی ترەمپ گوتی، رەنگە هەلێك بێت بۆ یەكخستنی نێوان سیاسەتی دەرەوە و ناوەخۆی ئەمەریكا، چونكە ئێستە بۆشایییەكی روون لە نێوان ئەوەی گەل لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا پێشبینی دەكات لەگەڵ پێشبینییەكانی چینی بژاردە هەیە، بۆیە سەرۆكی نوێ هەلی ئەوەی هەیە كە هەردوو پێشبینی تێكەڵ بكات، ئەگەرچی ئەو پرسە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە كە دەتوانێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە.

كێسنجەر رای گەیاند كە پێوەندی بە ترمپەوە ناكات و ئەوەش هەڵوێستی بووە لەگەڵ هەموو سەرۆكەكانی ئەمەریكا لەوەتەی پۆستەكەی جێ هێشتووە، بەڵام ئەگەر ترەمپ داوای بینینی بكات ئەوە دەچێت.

لەبارەی هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر كێشەكانی كە هەیە و هەڵوێستی وڵاتانیش لە بەرامبەریدا گوتی، وەڵامی وڵاتان لە بەرامبەر ترەمب تاسانە، من باشتری دەزانم كە ئەگەر وتوێژی نوێ دەست پێ بكرێت لە نێوان هەردوولا، بۆیە ئەگەر ترەمپ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی راگەیاند كە رووكەش جیا بوو لەوانەی پێشووی، بەڵام لە بنەماكانی هاوبەش بوو لەگەڵیان، ئەو كات ئەگەری بەردەوامی وتوێژەكان دەبێت. 

لەبارەی وەڵامی چین و رووسیا و ئێران بۆ دەركەوتنی ترەمپ گوتی، وای دەبینم كە هەڵوێستی چین تاوتوێكردنی بژارەكانە لەبەردەمی و هەمان شتیش بۆ رووسیا، وای دەبینم كە قسەكانی ترەمپ لەبارەی پوتینەوە دەبوو بگوترێ، بەتایبەتی كە پوتین دوای بردنەوەی ترەمپ لێدوانی باشی دا، بەڵام پێش هەڵبژاردن هەماهەنگییان نەبووە، بە بڕوای من پوتین چاوەڕوان دەكات كە دۆخەكە چۆن پەرە دەستێنێ و هەڵوێستی ئەمەریكا لەو ناوچانەی هەردوو وڵات دەستیان تیادایە چۆن دەگۆڕێت وەك لە ئۆكراینا و سووریا، كە چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لە بەشدارانی جەنگ لەو شوێنانە هەڵوێستی دیاریكراو وەربگرن.

لەبارەی پێشبینی بەوەی دوای ترەمپ دنیا ناسەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، كێسنجەر گوتی، بەگشتی قسە دەكەم، من وای دەبینم كە هەموو سیاسەتەكانی دەرەوەی دنیا لە شەش تا نۆ مانگی دوایی لە چاوەڕوانی براوەی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا وەستابوو، ئێستەش هەمووان بینیان كە ئەمەریكا بە شۆڕشێك تێپەڕ دەبێت و ئەوان چاوەڕوان دەكەن و تاوتوێی دەكەن، بەڵام لە قۆناغێكی دیاریكراو رووداوەكان پێویستیان بە بڕیاردان دەبێت، بەڵام دەتوانین هەڵوێستی گرووپە نافەرمییەكان جیا بكەینەوە كە رەنگە كاری وا بكەن بۆ دەمارگرتنی ئەمەریكا و پێشاندانی كاردانەوە لە بەرامبەریان كە ئەوەش هەڵوێستی دنیایی ئەمەریكا دیاری دەكات. 

لەبارەی مەترسییەكانی داعش لە ئێستەدا گوتی، گرووپە نافەرمییەكانی وەك داعش رەنگە پێشبینی ئەوە بكەن كە وەڵامدانەوەی ترەمپ لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەكان لەگەڵ مەبەستی ئەوان بگونجێ.

هەرچی هەڵوێستی ئەمەریكایە لە بەرامبەر ئێران و رێككەوتننامەی ئەتۆمی، كەسنجەر گوتی، رەنگە ئێران گەیشتبێتە ئەو ئەنجامەی كە رێككەوتننامەی ئەتۆمی زیاتر لە پێشتر لاواز بووە كە ئەوەش راستە، بەڵام سەرەڕای پاڵەپەستۆكان ئەو سوور دەبێت لەسەر رێككەوتننامەكە، هەرچی ترەمپە تاوتوێی رێككەوتننامەكە دەكات، بەڵام تا ئێستە زۆر لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ نازانرێت، بۆیە لێرەش هەمووان تا ماوەیەك هەر تاوتوێی دەكەن. 

كێسنجەر لەبارەی ترەمپ و دیاردەی ترەمپەوە دەڵێت كە ئەو زیاتر كاردانەوەیە بۆ هێرشەكان بۆ سەر بەها هزری و ئەكادیمییەكانی ئەمەریكا و هۆكاری تریش هەن، بەڵام ئەوەیان گرنگترینە، ئەو رێنوێنیی ترەمپی كرد بەوەی پێویستە یەكەم زانیاری خۆی بە كێشەكانی بەردەمی دەربخات و دووەمیش ئاستی ئاشنابوونی بە پەرەسەندنی ئەو كێشانە رابگەیەنێ كە ئەركی سەرۆكە رێنوێنیی بدات بەوەی هەوڵ بۆ چی بدەین و رێگری لە چی بكەین، بۆ گەیشتن بەوانەش پێویستە شرۆڤە بكات و وەڵام بداتەوە.

سەرچاوە: رەوابیت


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل