سارا ته‌ڵایی: ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕی ژن نه‌توانێ ده‌نگ هه‌ڵبڕێ

:: AM:09:45:16/11/2017 ‌

سارا ته‌ڵایی له‌ شاری مه‌هابادى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ دایك بووه‌ و ساڵانێكه‌ له‌ بواری شیعر و هونه‌ری شێوه‌كاری و ژه‌نینى ده‌فدا كار ده‌كات. ئێسته‌ مامۆستایه‌ له‌ به‌شى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى زانكۆی جیهان. له‌ دیدارێكى "وشه‌"دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌زموون و به‌رهه‌مه‌كانى.
 
ئاشنایه‌تیتان له‌گه‌ڵ شیعر و شێوه‌كاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ى؟
ماوه‌ى 10 ساڵ زیاتره‌ كه‌وتوومه‌ته‌ ناو دنیای پڕ له‌ جوانى هونه‌ری نه‌خشاندن. شیعریش یه‌كێك بووه‌ له‌ حه‌زه‌كانى منداڵیم، هه‌میشه‌ هه‌وڵم داوه‌ به‌ كاره‌كانم له‌ خه‌م و ئازاری میله‌ته‌كه‌م كه‌م بكه‌مه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بم .

جگه‌ له‌ شیعر و شێوه‌كاری، شاره‌زایت له‌ ده‌فژه‌نیدا هه‌یه‌، له‌م بوارانه‌دا كامیان لاى تۆ خۆشه‌ویسترن؟
موزیك هه‌ناسه‌ى مه‌ودایه‌كه‌ بۆ ده‌ربڕینى كه‌موكوڕییه‌كانى ژیان، ناڵه‌یه‌كه‌ بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى ناخى مرۆڤ و هاوخه‌مى و هاوده‌ردى مرۆڤ به‌ ئامێره‌كانى موزیك، هه‌ر ده‌نگێك له‌ سروشت پێكهێنه‌ری موزیكێكه‌ له‌ ڕیتم و هه‌ر ڕیتمێك له‌ ژیان به‌هره‌یه‌كه‌ بۆ شیعر و شێوه‌كاری و هونه‌ره‌كانى تر. بۆیه‌ من ناتوانم ئه‌وه‌ هه‌ڵبژێرم كه‌ كامیان خۆشه‌ویستره‌. پێم وایه‌ هه‌ر هونه‌رێك له‌ ناخى مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێ، ئه‌وه‌ پیرۆزترین و خۆشه‌ویسترین هونه‌ره‌. 

تا چه‌ند ئازادیى ژنان له‌ بواری هونه‌ری و ئه‌ده‌بیدا ده‌بینیت كه‌ بتوانن دوور له‌ فشار كاره‌كانى خۆیان په‌ره‌ پێ بده‌ن؟
ئێسته‌ له‌گه‌ڵ ڕابردوو زۆر جیاوازه‌ كه‌ ژن نه‌توانێ ده‌نگ هه‌ڵبێنێ و به‌رهه‌مه‌كانى خۆیان ده‌رخات و له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هێرشى بكرێته‌ سه‌ر. ئێسته‌ ئه‌گه‌ر به‌ربه‌رستیش هه‌بێت، ژن خۆی به‌رپرسیاره‌ له‌و گه‌مارۆیه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ری. ژن نابێ ئازادیی خۆی بكاته‌ قوربانى هه‌ست و ئاره‌زووى پیاوسالاری ناو كۆمه‌ڵگه‌، ده‌بێت ڕێز له‌ ماف و هیواكانى خۆی بگرێ و هه‌وڵ بدات بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كانى خۆی، تا ئاستێك كه‌س نه‌توانێ له‌ باتى كه‌س بڕیار بدات. جێ و پێگه‌ى هه‌ر كه‌سێك پیرۆزه‌ و ده‌بێت تا ئاستی تێگه‌یشتنى ڕێزى لێ بگیرێ. ژن ده‌بێت نموونه‌یه‌كى جوانى ناو كۆمه‌ڵگه‌ بێت و هاوشان و هاوخه‌بات و پشتیوانى پیاوه‌كانیش بن له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانى ژیاندا.

خاوه‌نى چه‌ند پێشانگه‌ى شێوه‌كاریت؟
تا ئێسته‌ به‌ گشتى له‌ 62 پێشانگه‌ى شێوه‌كاریدا به‌شداریم كردووه‌ كه‌ 21 پێشانگه‌یان تایبه‌ت به‌خۆم كراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانى تریش هاوبه‌ش بوون.

جگه‌ له‌و بوارانه‌ هه‌وڵت نه‌داوه‌ له‌ بواری تردا كار بكه‌یت؟
له‌ زۆر بواری تردا هه‌وڵم داوه‌ خزمه‌ت بكه‌م وه‌ك شانۆ و كاری دیزاین و دیكور و په‌یكه‌رسازى، به‌ڵام زیاتر به‌رده‌وامیم له‌سه‌ر شیعر و شێوه‌كاری و موزیك هه‌بووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بم.

وشه‌/ تریفه‌ محه‌مه‌د و ڕێباز حه‌سه‌ن 




وشە - تایبه‌ت