دواى راگه‌یاندنى رێزگرتن له بڕیاری دادگای باڵاى فیدڕاڵ له‌باره‌ی ریفراندۆم له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانتارێكى ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌ڵێ "گفتوگۆى نهێنى له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه" به‌ڵام په‌رله‌مانتارێكى كوردستانیی ره‌تى ده‌كاته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "ئه‌وه‌ى هه‌یه ئاماده‌كارییه بۆ گفتوگۆی راسته‌وخۆ نه‌ك نهێنى".
رۆژى سێشه‌م 14ى ئه‌م مانگه، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا رای گه‌یاند كه رێز له بڕیاره‌كانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق ده‌گرێت له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم.
به‌یاننامه‌كه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له وه‌ڵامى دادگاى باڵاى فیدڕاڵ هات كه بڕیاره 20ى ئه‌م مانگه سه‌یری سكاڵاى حكوومه‌تى عێراق بكات له‌سه‌ر ریفراندۆم و داواى له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش كردبوو وه‌ڵامى دادگا بداته‌وه له‌باره‌ى ده‌ستووریبوون و نه‌بوونى ریفراندۆم.
كامیل زه‌یدی په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تى یاسا و ئه‌ندامى پێشتری لیژنه‌ى دهنوستاندنی حكوومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵ كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه دانوستاندنى نهێنى له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی ریفراندۆم و گه‌ڕانه‌وه بۆ گفتوگۆ.
زیاتر گوتى "شاندێكى باڵا له نێوان هه‌ردوولا دانوستاندنه نهێنییه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و قۆناغی باشی بڕیوه". به‌ڵام په‌رله‌مانتارێكى كوردستانیى له عێراق، ره‌تى ده‌كاته‌وه دانوستاندنى نهێنى له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه به‌گوته‌ی ئه‌و "ئاماده‌كارییه بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن".
موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكدا بۆ "وشه" ره‌تى كرده‌وه دانوستاندنى نهێنى له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێ.
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه "هه‌میشه دانوستاندنى نهێنى له نێوان دوو لایه‌نى دوژمن هه‌یه، به‌ڵام كوردستان و عێراقیش دوژمنى یه‌ك نین تا دانوستاندن و گفتوگۆ نهێنى ئه‌نجام بده‌ن".
"هێنده‌ى ئاگادار بم ئاماده‌كاری و گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه بۆ نزیككردنه‌وه‌ى هه‌ردوولا و گه‌ڕانه‌وه بۆ دانوستاندن، ئه‌مه‌ش پرسێكى ئاساییه وه‌ك ئاماده‌كاری ده‌كرێت بیناسێنین" ئه‌مین وای گوت.
ماوه‌یه‌كه حكوومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی به زمانی چه‌ك و سه‌ربازیی قسه به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ژماره‌یه‌ك گه‌مارۆی خستووه‌ته سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان له به‌رامبه‌ر ئه‌و سێ ملیۆن "به‌ڵێ"یه‌ی داوای جیاكردنه‌وه‌ی له عێراق كرد له پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا.