دوای ئه‌وه‌ی له هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر هه‌ولێر شكستیان هێنا، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به‌شێك له‌و چه‌كه قورس و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ی بۆ شه‌ڕه‌كه ره‌وانه‌ی پردێیان كردبوو، له ماڵی رزگار عه‌لی كاندیدی باڵی خیانه‌تكاری 16ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ پارێزگاری كه‌ركووك، هه‌ڵگیراون و پاسه‌وانه‌كانی ئه‌و، ده‌یپارێزن.
چه‌ند شایه‌تحاڵێكی دانیشتووی پردێ /45 كم باكوری كه‌ركووك/، به"وشه"یان راگه‌یاند "ژماره‌یه‌كی زۆر تۆپ و موده‌ره‌عه و چه‌كی قورسی حه‌شدی شه‌عبی له ماڵی "مه‌زرعه"ی رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی كه‌ركووك دانراون و دیار نییه هۆی چییه و بۆچی رێگه‌یان پێدراوه ئه‌و هه‌موو چه‌كه دابنێن كه رۆژانه هاووڵاتییانی هاتوچۆكهری كه‌ركووك ده‌یبینن و جێی پرسیار و گومانه لامان".
یه‌كێك له خانووه‌كانی رزگار عه‌لی كه له‌ناو خه‌ڵك به "مه‌زره‌عه" ناسراوه، ده‌كه‌وێته سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی پردێ - كه‌ركووك و رووبه‌ره‌كه‌ی ده‌یان هه‌زار مه‌تر ده‌بێت كه جۆره‌ها دره‌خت و داری به‌رزی تیادا چێنراوه.
شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌وه‌یشیان به"وشه" گوت كه "رزگار عه‌لی پاسه‌وانی بۆ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی داناوه و رێگه ناده‌ن كه‌س نزیكی ماڵه‌كه‌ی بكه‌وێته‌وه".
ئه‌مڕۆ یه‌ك مانگ تێده‌په‌ڕێ به‌سه‌ر خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه باڵێكی یه‌كێتی به‌سه‌رۆكایه‌تیی پاڤڵ تاڵه‌بانی كه‌ركووكیان به‌ده‌سته‌وه دا و رزگار عه‌لی و ئاسۆ مامه‌ند له كه‌ركووك له‌گه‌ڵ خیانهتهكهدا بوون كه به‌هۆیه‌وه بوونی كورد له خورماتوو به یه‌كجاری كۆتای پێهات و زیاتر له 100 هه‌زار كه‌سیش له كه‌ركووك ئاواره بوون و ئێسته پارێزگاكه به ته‌واوی خراوه‌ته ده‌ست عه‌ره‌ب و میلیشیاكان.
به‌ڵام پاڤڵ تاڵه‌بانی دواتر رای گه‌یاند كه 38 سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی واژووی ئه‌و كاره‌یان كردووه، هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌ك له‌و سه‌ركردانه روونكردنه‌وه‌یان دا ره‌تیان كرده‌وه "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك واژوو بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی خاكی كوردستان" بكه‌ن.
سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی كه نه‌یوست ناوی ئاشكرا بكرێ، به"وشه"ی راگه‌یاند "رزگار عه‌لی كاندیدی یه‌كێتی نییه بۆ پارێزگاری كه‌ركووك، به‌ڵكو ئه‌وان وه‌ك تیمی خیانه‌ت هه‌ر دوای به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركووك خۆیان ده‌ستیان به‌سه‌ر دۆخی یه‌كێتیدا گرتووه و نووسراویان كردووه گوایه رزگار عه‌لی ببێت به پارێزگاری كه‌ركووك، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی كه‌ركووكدا نه‌دراوه".
رۆژی 20ی ئۆكتۆبه‌ر، چوار رۆژ دوای به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركووك، میلیشیاكانی شیعه و تیمه به ئه‌زموونه‌كانی سوپای پاسداران، به‌هێزێكی ده‌یان هه‌زار كه‌سی و چه‌كی قورسه‌وه هه‌وڵی هێرشكردنه سه‌ر هه‌ولێریان دا، به‌ڵام له پردێ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رووبه‌ڕووی گورزێكی كوشنده‌ی كردنه‌وه و سه‌تان كوژرا و برینداری له عه‌ره‌ب و فارس خسته گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه‌وه.