هەولێر و سلێمانی بڕیاریانداوە رووبەڕووی عێراق ببنەوە

:: PM:01:44:16/11/2017 ‌

هەردوو یانەی وەرزشی هەولێر سلێمانی بڕیاریانداوە بەهەموو شێوەیەك رووبەڕووی بڕیارێكی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق بووەستنەوە سەبارەت بە دابەزینیان بۆ خولی پلە یەكی عێراق.

یەكەتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە ژمارەی یانە بەشدارەكانی خولی نایابی عێراق بكاتەوە بە 20 یانە و بەمەش هەرسێ یانە كوردستانی هەولێر و سلێمانی و گازی باكوری لە پاڵەوانیەتییەكە دوور خستووەتەوە.

ئەم بڕیارەی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق بووەتە توڕەكردنی بەرپرسانی هەرسێ یانەكە و لای خۆشییەوە سەرۆكی یانەی هەولێر ئاشكرای دەكات كە بڕیاریانداوە داوای یاسایی لەسەر یەكەتییەكە لە دادگاكانی عێراق و تۆمار بكەن و هەروەها پەناش ببەنە بەر یەكەتیی تۆپی پێی ئاسیا و یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا).

یەكەتییەكە هۆكاری دوورخستنەوەی یانەی هەولێر لە خولی نایابی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە یانەكە لە وەرزی رابردوودا بایكۆتی ئەنجامدانی یارییەكانی خولەكەی كردووە لە پاڵەوانیەتییەكەدا كشاوەتەوە.

عەبدوڵا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێر ئاشكرای دەكات كە پارساڵ بەهۆی كێشەكانی دارایی و هەڵسوكەوتی رەگەزپەرستییەوە لە پاڵەوانیەتییەكەدا كشاونەتەوە و جگە لەوەش یەكەتیی تۆپی پێی عێراق بەڵینی پێدابوون لەم وەرزەش هەر لە خولەكە بیانهێڵێتەوە.

سەرۆكی یانەی هەولێر رایگەیاند: وەرزی رابردوو بەڵێننامەمان لە یەكەتیی تۆپی پێ وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئەم وەرزەش هەر لە خولی نایابی عێراق بمێنینەوە، بەڵام دیارە ئەوان پابەندی بەڵێنەكانیان نەبوونە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەگوێرەی یاساكانی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق هەر یانەیەك پاشەكشە لە ركابەرییەكانی خولی نایابی عێراق بكات سزای بەسەردا دەسەپێنرێ و بۆ خولی پلە یەك دادەبەزێنرێ و جگە لەوەش بە 25 ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێ.

بەڵام سەرۆكی یانەی هەولێر جەخت دەكاتەوە كە ئەوان بە رەزامەندی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق و بە بەڵێننامە و رێككەوتن لە پاڵەوانیەتییەكە كشاونەتەوە و بەو مەرجەش كە یانەكە لە وەرزی داهاتوودا رووبەڕووی هیچ سزایەك نەبێتەوە.

ئاماژە بەوەش دەكات كە بڕیاریانداوە داوای یاسایی لە دادگاكانی عێراق لەسەر یەكەتیی تۆپی پێی عێراق تۆمار بكەن و سەرجەم بەڵگەنامەكانیش لەمبارەیەوە پێشكەش دەكەن، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیشیان پەنا دەبەنە بەر یەكەتیی تۆپی پێی ئاسیا و فیفا.

یەكەتیی تۆپی پێی عێراق مانگی رابردوو بڕیاریدابوو بۆ ئەمساڵ ژمارەی یانە بەشدارەكانی خولی نایابی عێراق بۆ 26 هەڵبژاردە زیاد بكەن، بەڵام چەند یانەیەكی ناوەڕاست و باشوور رەخنەیان لەو بڕیارە گرتبوو و پاڵەپەستۆیان خستبووە سەر یەكەتییەكە تا خولەكە بگەیەننەوە ئاستی جاران و بە 20 یانە بەڕێوە ببات.

یەكەتیی تۆپی پێی عێراق ماوەیەك پێش ئێستا بەفەرمی یانەی وەرزشی سلێمانی بۆ ركابەرییەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی بەرز كردبووەوە دوای ئەوەی یانەكە سەرجەم رێنمایی و رێساكانی تایبەت بە یاریگەی و یانەكە جێبەجێ كردبوو.

بۆیە یانەی وەرزشی سلێمانی بڕیاریداوە لە مافەكانی خۆی خۆش نەبێت و بەهەموو شێوەیەك رووبەڕووی ئەو بڕیارەی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق ببێتەوە سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە خولەكە.

هەردە رەئووف جێگری سەرۆكی یانەی سلێمانی داوا لەسەرجەم یانەكانی كوردستان دەكات یەك دەنگبن لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق و رووبەڕوویان ببنەوە تا سەرجەم مافەكانیان بەدەست دێننەوە.

جێی باسە بڕیارەكە لەلایەن سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق دەركراوە كە ئەویش كوردە و عەبدولخالق مەسعوودە، بەڵام پێدەچێت بڕیارەكە بە پاڵەپەستۆی ئەندامانی یەكەتییەكە و فشاری یانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بووبێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م