میدیای ئەمەریكا: ئێران زیاتر سوود لە چەكی ئەمەریكا وەردەگرێ لە عێراق

:: PM:02:16:16/11/2017 ‌

میدیایەكی ئەمەریكی دووپاتی دەكاتەوە كە چەك و پارە و هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق زیاتر لە عێراق خۆی، ئێران لێی سوودمەندە. كۆنگرێسمانانی ئەمەریكایش ڕەخنەی توند لەو سیاسەتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و حكوومەتی ترەمپ دەگرن و داواكارن "بە زووترین كات هەڵوێستی توند بەرامبەر بە میلیشیاكانی ئێران لە عێراق بگیرێتە بەر"، هاوكات برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش "بە كارەكتەرێكی سەرەكی پڕچەككردنی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق" هەژمار دەكەن.

لە ڕاپۆرتی میدیا ئەمەریكییەكە هاتووە، بەرپرسانی ئەمەریكا ددان بەوەدا دەنێن كە هێزەكانی سەربە ئێران لە عێراق چەكی دروستكراوی ئەمەریكایان بەكارهێناوە، ئەو ددانپێدانانەیش بووەتە هۆی نیگەرانی قووڵ لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكا، لەبارەی ئەوەی حكوومەتی وڵاتەكەیان تا ئێستەیش بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ میلیشیاكانی عێراق كە سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانن، دەكات.

ئاماژە بەوەیش دراوە، كۆنگرێسمان و بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریكا بە توندی نیگەرانی خۆیان لە بێدەنگی ئەمەریكا دەردەبڕن، لەوەی حكوومەتی وڵاتەكەیان لە جیاتی هەڵوێستی توند بەرامبەر ئەو میلیشیایانەی سەربە ئێران وەربگرێ، بەردەوامە لە ناردنی چەك و مەشق پێكردنیان، ئەمەیش بە گەورەترین هەڵەی ستراتیجی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ناوچەكە هەژمار دەكەن. 
لای خۆیانەوە گەورە یاسادانەرانی كۆنگرێس بەڵگەی تەواویان لەوبارەوە پێشكەشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كردووە كە پشتیوانی فرەوانی میلیشیاكانی سەربە ئێران دەكرێ، بە گوێرەی پرۆگرامێك كە لە سەردەمی ئۆباماوە داڕێژراوە، ئەمەیش بەهۆی فرەوانبوونی پێگەی ئێران لە خاكی عێراق دەزانن، بۆیە بە توندی بەرهەڵستی ئەو بەرنامەیە دەكەن كە ئێستە لە سەردەمی ترەمپیش بەردەوامی پێ دەدرێ، ئەمەیش لە كاتێكدایە ترەمپ لە كاتی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بە تەواوی بەرنامەی هاریكاری و چەكداركردنی هێزەكانی نزیك لە ئێرانی ڕەت كردووەتەوە.

چەندان سەرچاوە بە پێگەی "واشنتن فریبیكەن"ی ئەمەریكییان ڕاگەیاندووە، واشنتن هەڵەیەكی گەورە دەكات و وەزارەتی دەرەوە هاریكاری سوپای پاسداران دەكات، ئەوان سوود لە هەوڵی ئەمەریكاییەكان وەردەگرن، كە بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش مەشق بە هێزەكانی عێراق دەكات و چەكداریان دەكات، بەردەوامبوونی گەورە بەرپرسانی سەردەمی ئۆباما لە پۆستە گرنگەكان بە هۆكارێك بۆ بەردەوامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ئەمەریكا لێك دەدەنەوە.

گەورە بەرپرسێكی حكوومەتی ترەمپ بە میدیا ئەمەریكییەكەی ڕاگەیاندووە كە بەڵگەی تەواویان لەبەردەستە بەشێك لە هێزەكانی عێراق سەربە ئێرانن و بە چەكی ئەمەریكا لە گۆڕەپانەكە ئامادەییان هەیە. گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریكا لەوبارەوە گوتی، بینیمان بەشێك لە چەكە ئەمەریكییەكان لەلایەن میلیشیاكانی عێراق بەكار هێنران بۆ ناكۆكی ناوخۆیی، حكوومەتی بەغدا ئاگادار دەكەینەوە كە جارێكی تر ئەمە ڕوو نەداتەوە و بە تەواوی بەسەر هێزە چەكدارەكان زاڵ ببن، هاوكات نابێ هێزی دەرەوەی حكوومەت بوونی هەبێ.

بەرپرسێكی ئەمەریكی بۆ "واشنتن فریبیكەن" هێمای بۆ ئەوەیش كردووە كە "تەواوی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق دووبارە پێداچوونەوەیان بۆ دەكرێ، ئەمەریكا پێوەری توندی هەیە، بۆ ئەوەی هاوكارییەكانی بۆ وڵاتان نەكەوێتە دەست گرووپە تیرۆریستییەكان و ئەوانەی پێوەندی پتەویان لەگەڵ ئێران هەیە، چونكە ئەمانە تاوانی گەورەی دژە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورەی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن".

رۆن دیسانتیس ئەندامی لیژنەی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەم دواییە چەندان بەڵگەی ڕاستەوخۆی ئاشكرا كرد، كە ملیشیاكانی سەربە ئێران تانكی ئەمەریكی و چەكی جۆراوجۆری ئەمەریكی لە عێراق بەكار دێنن، بۆیە پێویستە پەستانی زۆر لەسەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دروست بكرێ، تا زانیاری تەواو لەسەر چۆنیەتیی گەیشتنی چەكی ئەمەریكایی بە میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق ڕابگەیەنێت.

هەروەها گوتی، ناكرێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە جۆرێك كار بكا، سوود بە سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بگەیەنێت، ئەوانە بە بەردەوامی لە عێراق و ناوچەكە كۆسپ دەخەنە بەردەم هەنگاوەكانی ئەمەریكا و بەرپرسن لە كوشتنی سەتان سەربازی ئەمەریكایی لەكاتی هێرشكردنمان بۆ سەر ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، بۆیە كۆنگرێس پێویستی بە ڕوونكردنەوە و گەیشتن بە ڕاستییەكان هەیە لەسەر بوونی پێوەندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ ئەو میلیشیایانەی سەربە ئێرانن.
زانیارییەكانی كۆنگرێس دووپاتی دەكەنەوە، تەواوی میلیشیاكانی سەربە ئێران لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕێك خراون، ئەمەریكا هاوئاهەنگی و پارەداركردن و چەكی زۆری ئەمەریكا بەو وەزارەتە دەدات و لەو ڕێگەیەوە بە میلیشیاكانی ئێران دەگات، سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە هاوكارییەكانی ئەمەریكا ئێران لە عێراق زیاتر سوودی لێ دەبینن.

حكوومەتی عێراق پارەیەكی زۆر لە وەزارەتی ناوخۆوە بە ئەبومەهدی موهەندیس دەدات كە سەرپەرشتی دارایی میلیشیاكانی سەربە ئێران دەكات و "تیرۆریستێكی داواكراوە" و فەرماندەیی هێزی حزبوڵا لە عێراق دەكات، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ جیا لە پارەداركردنی گرووپی حزبوڵا لەم دواییە گولەبەند و تۆپهاوێژی ئەمەریكی بەو میلیشیایانە داوە، وێنەی میلیشیاكانی حزبوڵایش بڵاوبووەتەوە كە تانكی ئەبرامزی ئەمەریكاییان لایە و ئاڵای حزبوڵایان لەسەر هەڵ كردووە.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئەمەریكا هۆشداری بە بەغدا داوە، بەگوێرەی ڕێككەوتنە دووقۆڵییەكان نابێ ئەو چەكانە بە شوێنی تر بدرێن و دوور لە پێوەرەكانی ئەمەریكا مامەڵەیان پێوە بكرێ، ئەمەیش لە كاتێكدایە زۆر كۆنگرێسمان دووپات لەو ەدەكەنەوە كە "برێت ماكگۆركی نێردەی تایبەتی سەرۆك لە هاوپەیمانی نێودەولەتی دژی داعش، ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێ لە بەردەوامبوونی ئەو جۆرە سیاسەتەی ئەمەریكا و گەیشتنی چەكی ئەمەریكی بۆ هێزە میلیشیاكانی سەربە ئێران" لە عێراق.

مایكل بریجنت بەرپرسێكی پێشووی هەواڵگری ئەمەریكا دەڵێ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە بەغدای ڕاگەیاندووە كە ڕۆڵی میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق كەم بكاتەوە، بەڵام ئەمە چۆن دەكرێ، لە كاتێكدا وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئەو هاوكارییانەی كە لە ئەمەریكا وەریدەگرێ، بە میلیشیاكانی دەدات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا چی دەكات بۆ كەمكردنەوەی ڕۆڵی میلیشیاكان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د