هێزێکی چەكدار بە كۆپتەر لە سنووری گەرمیان و خورماتوو دابەزیون" />

"وشە" زانیاری جیاواز بڵاو دەكاتەوە
هێزێکی چەكدار بە كۆپتەر لە سنووری گەرمیان و خورماتوو دابەزیون

:: PM:02:37:16/11/2017 ‌


 

لە سنووری شارەدێی نەوجوولی سەربە شارۆكەی كفری كە پێشتر سەربە خورماتوو بووه‌، هێزێكی چەكداری 400 كەسی بە كۆپتەر دابەزێنراون، ئەوەش بووەتە مایەی ئاوارەبوونی دووبارەی ئاوارەكانی خورماتوو كە لە جێگەیەک گیرسابوونەوە, هێماكانیش بۆ ئەوە دەچن ئەو هێزە ئێرانی بێت.

 

شەماڵ حەسەن یەكێك لە سەرپەرشتیارانی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری بەسەر ئاوارەكانی خورماتوو، بە"وشە"ی راگەیاند، هێزێكی 400 كەسی ماوەی هەفتەیەك دەبێ لە سنووری نەوجول گیرساونەتەوە.

 

دووپاتی كرده‌وه‌، دەیان ئاوارە بە چاوی خۆیان كۆپتەرەکانیان بینیووە، بۆیە ترسیان لێ نیشتووە و دەیانەوێ نەوجول جێ بێڵن و بچنە كەلار، واتە جارێكی تر ئاوارە ببنەوە .

 

كەریم شوكر بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەرباری پشتراستكردنەەی زانیارییەكان، بە"وشە"ی گوت نەزانراوە هێزەکە سەربە كوێن و لە ناوچەیەک جێگیر بوون كە ناوچەی سەختی شاخاوییە. ئاماژه‌ی دا، ئەو هێزە ماوەی 10 رۆژ دەبێ لەم ناوچەیە جێگیر بوونە.

 

عەقید كاوە مەلا پەروێز بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆكەی خورماتوو، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "دڵنیاین هێزەکە سەربە سوپای عێراق و پێشمەرگە نییە، بەڵام بۆ حەشد و ئێرانی، ناتوانین بڵێین سەربە ئه‌وانن یان نا".

 

ئەو دووپاتی كردەوە، دەیان شایەتحاڵ كە جووتیار و شوانكارن، ئەندامانی ئەو هێزەیان لە نزیکەوە بینیوە کە هەم كوردیان تێدایە و هەم عەرەب.

 

"وشە" لە زاری سەرچاوەی تایبەتەوە ئەوەی زانیوە هێزەكە ئێرانی بێ و تیكەڵ بێ لە حەشد و دژە تیرۆری یەكێتی .

 

گەرمیان/سەبری هۆرینی




وشە - سلێمان تاشان